ئیسرائیل: رێگەی بەقاچاخبردنی چەکی حیزبوڵلامان لە سووریا بۆردوومان کرد

06-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئەو رێگەیەی کە بە گوتەی ئەوان، حیزبوڵڵا بۆ بەقاچاخبردنی چەک لە سووریا بەکاریدەهێنا.
 
رۆژی هەینی 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە نزیک خاڵێکی سنووری نێوان سووریا و لوبنان، هێرشێکیان کردووەتە سەر رێگەیەکی بەقاچاخبردنی چەک و ژێرخانێکی تیرۆر".
 
میدیای فەرمیی سووریا و لوبنان هێرشەکەیان پشتراستکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خاڵی سنووری  عەریزە بووە، کە کەوتووەتە ناوچەی ئەکبەر لە باکووری لوبنان.
 
ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، "دووبارە خاڵی سنووری عەریزە لەنێوان سووریا و لوبنان بەهۆی هێرشی ئیسرائیل وەستاوە".
 
هەروەها ئاژانسی فەرمیی لوبنانیش لەبارەی هێرشەکە گوتی، "بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی خاڵە سنوورییەکە". 
 
ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خاڵە سنوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان و رایگەیاندووە، مەبەستییەتی رێگە لە بەقاچاخبردنی چەک لە سووریاوە بۆ لوبنان بگرێت. 
 
هێرشەکەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا یەکدی بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە تۆمەتبار دەکەن کە لە 27ـی مانگی رابردوو بۆ وەستانی جەنگی نێوانیان کردیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە