بنیامین نەتەنیاهوو: نزیکەی نیوەی سەرکردەکانی حەماسمان لەنێوبردوون

06-12-2023
لهۆن نەسرەدین
بۆردوومانی چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە
بۆردوومانی چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر غەززە فراوان کردووە، بە دیاریکراوییش شەڕی خان یونس لە باشووری غەززە. سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت، دەرفەتی وەستاندنی جەنگ هاوشێوەی هەفتەی رابردوو نەماوە.
 
هێرزی هالیڤی، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "زۆرن ئەوانەی دەڵێن گوایە ئیسرائیل غەززەی وێران کردووە، لەڕاستیدا ئامانجی ئێمە حەماس و سەرکردەکانیەتی. سەرکردەی زۆری حەماسمان لەناوبردوون. پیشەییانە دەجووڵێینەوە و ئێستا هێزەکانمان خان یونس-یان تەوق داوە؛ راگرتنی شەڕ تەنیا بە خۆبەدەستەوەدانی حەماس و رادەستکردنی بارمتەکان دێتەدی."
 
حەماس رەتیدەکاتەوە سوپای ئیسرائیل پێشڕەویی لە بەرەکانی شەڕدا کردبێت، باس لە پاشەکشە و کوژران و برینداربوونی هەزاران سەربازی ئیسرائیلییش دەکات.
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل کوژرانی 410 سەربازی لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە پشتڕاست کردووەتەوە، 78یان لەدوای دەستپێکردنی هێرشە زەوینییەکەوە تۆمارکراون. حەماس دەڵێت، تەنیا بە مەرجی راگرتنی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکان بۆسەر غەززە، ئامادەی دانوستاندن و گفتوگۆ دەبێت.
 
ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە لوبنان دەڵێت، "سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و زیندانییەکان؛ تەنیا بە مەرجی راگرتنی دووژمنکاریی سەر گەلمان ئامادەی گفتوگۆین. نێوەندگیران بە سوپاسەوە هەوڵیاندا، بەڵام دەسەڵاتی داگیرکاری ئەو هەوڵانەی پەکخست و نەتانیاهوو دوا گولـلەی مەرگی لەو هەوڵانە دا کاتێك بە کەسوکاری بارمتەکانی گوت، منداڵەکانیان بەمزووانە ناگەڕێنەوە."
 
نەتانیاهوو بەوە تۆمەتبارە، گوایە درێژە بە شەڕەکە دەدات، چونکە دەزانێت بە راگرتنی شەڕەکە رووبەڕووی بەرپرسیارەتیی هێرشەکەی حەماس و چەندین پەڕاوی دیکەی گەندەڵی دەکرێتەوە، کە ئەگەری هەیە بەرەو خۆکوژیی سیاسیی ببات.
 
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی نیوەی سەرکردەکانی حەماسمان لەنێوبردوون، دەبێت غەززە لە چەک داماڵدرێت و تەنیا سوپای ئیسرائیل دەتوانێت ئەو کارە بکات، ئەو کارەش کات دەخایێنێت، بۆیە دەبێت کەسوکاری بارمتەکان دان بە خۆیاندا بگرن."
 
تائێستا 105 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد کراون، 137یان هێشتا لای حەماسن و لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومانەکان ژیانیان لە مەترسیدایە.
 
شێلی شێم، دایکی بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەڵێت، "نەتانیاهوو تەمەنی ئاڤنەری کوڕت 29 ساڵە؛ گالانت، وەزیری بەرگری، گای کوڕت 25 ساڵە؛ گانتز، نیری کوڕت تەمەنی 20 ساڵە؛ ئایا ئەگەر کوڕەکانی ئێوە بارمتە بوونایە، 60 رۆژ چاوەڕوان دەبوون تاوەکو بیانگەڕێننەوە وڵات؟"
 
تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ شەڕی غەززە دیار نییە. هەرچەندە تیمی راوێژکاریی ئیدارەی بایدن ئاشکرای کردووە، ئێستا لە هەموو کاتێك زیاتر کابینەکەی نەتانیاهوو ئامادەیە گفتوگۆی ئاییندەی غەززەی دوای کۆتاییهاتنی حەماس بکات، ئامادەییەکە تەنانەت لە کاتی ئاگربەستەکەشدا دەرینەبڕیبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە