گوتەبێژێکی حکومەتی ئیسرائیل دوو مەرج بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو خوشک و برا، مایا ریگیڤ و ئیتا ریگیڤ، دوایین بارمتەی ئازادکراوانی کاژێرە کۆتاییەکانی ئاگربەستە یەک هەفتەییەکەی حەماس و ئیسرائیل بوون، کە بە رێپێوان و ئاهەنگگێڕان پێشوازییان لێکرا.
 
دینا پاز، هاووڵاتیی ئیسرائیلی دەڵێت، "ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئازادکردنیان بووین، ئەوان بەر دوایین کاروانی بارمتە ئازادکراوەکان کەوتن، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر ماوە و دەبێت ئەوانیش ئازاد بکرێن."
 
ئاگربەست و ئازادکردنی بەشێك لە بارمتەکان، هانی کەسوکاری بارمتەکانی دیکەی ژێر دەستی حەماسی داوە بۆ گوشارخستنەسەر حکومەت تاوەکو زەمینە بۆ گەڕانەوەیان خۆش بکات.
 
لە قودس/ئۆرشەلیم، سەتان خۆپێشاندەر چوونە بەردەم کنێست/پەرلەمانی ئیسرائیل، کە پارتە راستڕۆکان کۆنترۆڵی زۆرینەی کورسییەکانیان کردووە؛ لەوێ دروشمی دژی نەتانیاهوویان بەرزکردەوە، لە یەكێکیان نووسراوە، "تاوەکو نەتانیاهوو لە دەسەڵاتدا بێت کارەسات دوای کارەسات بەسەر ئیسرائیلدا دێت." لە یەکێک لە دروشمەکانی دیکەدا داوا لە نەتانیاهوو کراوە، دەست لەکاربکێشێتەوە.
 
خۆپێشاندەران وێنەی ئیتامار بێن گڤیر، وەزیرە راستڕۆکەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلیان بە رەنگی خوێن و ژمارە 1400، وەکو ئاماژەیەک بۆ ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی لە شەڕی دژی حەماس داپۆشی.
 
کابینەی جەنگی ئیسرائیل بڕیاری جەنگی دەرکردووە و سوپا لە میحوەرەکانی ناوەڕاست و باشووری غەززەوە دەستی بە هێرشی زەوینی کردووە، حکومەتیش بە دوو مەرج ئامادەی وەستاندنی شەڕەکەیە.
 
ئۆفیر جێندیلمان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، "شەڕەکە هەر ئێستا دەکرێت بوەستێت و کۆتایی پێبهێندرێت، بەڵام بە دوو مەرج کە جێگەی گفتوگۆکردن نین: یەکەم، دەبێت حەماس هەموو بارمتەکان بەبێ جیاوازی ئازاد بکات؛ دووەم، سەرکردەکانی حەماس خۆیان بەدەستەوە بدەن و ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە بە تەواوەتی و بۆ هەمیشە هەڵبوەشێندرێتەوە."
 
کابینەی جەنگیی ئیسرائیل لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران و کەسوکاری بارمتەکانە. لە لایەکەوە ئیسرائیل کشانەوەی سوپاکەی لە غەززە بە شکست بۆ خۆی و سەرکەوتن بۆ حەماسی دەبینێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە نوخبەی ئیسرائیل لە ئەگەری کەمبوونەوەی پاڵپشتیی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، کە دەیان هەزار کوژراوی سڤیلیانی لێکەوتوونەتەوە، نیگەرانە.