چیرۆکی ئەو خزمەتکارانەی لوبنان کە شەڕ ئاوارەی کردن و پاسپۆرتیشیان لای خاوەنکارە

06-11-2024
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
رووداو لە باشووری لوبنانەوە لەنێو ئەو ئاوارانەی بێ ماڵ بوون و خەڵکیش پشتی لێ کردن
رووداو لە باشووری لوبنانەوە لەنێو ئەو ئاوارانەی بێ ماڵ بوون و خەڵکیش پشتی لێ کردن
نیشانەکردن رووداو لە لوبنان
A+ A-
رووداو - باشووری بەیرووت 

کۆمەڵێک هاووڵاتیی سیرالیۆن رۆژگارێک لە ئەفریقاوە هاتنە لوبنان بەهیوای ژیانێکی باشتر، بەڵام پڕووشکی جەنگەکە هیواکەی لێ هەڵگێڕانەوە و ئاوارە و دەربەدەری کردن، ئێستا ئاوات بە گەڕانەوە دەخوازن.
 
ئەوان، خزمەتی خێزانە لوبنانییەکانیان دەکرد، کە جەنگ هەڵگیرسا، خێزانەکان خۆیان رزگارکرد و هەندێکیان وڵاتیان جێهێشت، خەمی خۆیان خوارد، بەڵام خزمەتکارەکانیان لە پاش خۆیان لەسەر شەقام جێهێشت.
 
ئێستا ژمارەیەک چالاکڤانی لوبنانی لە شەقامەکانەوە بردوویانن و شوێن و خۆراکیان بۆ دابینکردوون، هاوکاریشیان دەکەن بۆ گەڕانەوە.
 
سوارد سیسێی تەمەن 30 ساڵ، یەکەمجار لە لوبنان تەقینەوەی مووشەکی بینیوە، ئەو پێش سێ ساڵ بۆ دابینکردنی ژیانی دوو منداڵەکەی، لە سیرالیۆنەوە هاتووەتە لوبنان. خزمەتکاری خێزانێک بووە لە باشووری بەیرووت. 
 
سوارد سیسێی بە رووداوی گوت "یەکەم رۆژ چووینە هۆتێلێک و دوو رۆژ لەوێ ماینەوە، دواتر گەڕاینەوە، بەڵام دواتر خانووەکەمان تەقییەوە و هەموو خانووەکە هاتە خوارەوە، کاتێکیش خانووەکە رووخا، هەموو ئەندامانی خێزانی ئەو خانەوادەی کارم بۆیان دەکرد، ماڵەکەیان بەجێهێشت. دواتر هاتمە لای هاوڕێیەکەم لە بەیرووت."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش "کاتێک ئەو کەسەی کارت بۆی دەکرت شوێنەکەی بەجێهێشت، هیچ یارمەتییەکی دایت؟" سوارد سیسێ دەڵێ  "نەخێر، هیچ یارمەتییەکی نەدام و بەجێیهێشتین، دواتر هاتمە لای هاوڕێیەم. من منداڵەکانم لە سیرالیۆنن، باوکم نییە و تەنیا دایک و دوو منداڵم هەیە، منداڵی یەکەم کچە و منداڵی دووەمم کوڕە و تەمەنی زیاتر لە چوار ساڵە. یەکەم جارە بە چاوەکانم ببینم بۆمب بتەقێتەوە، کاتێک بۆمبەکە تەقییەوە، کەوتمە سەر زەوی و لەهۆش خۆم چووم."
 
زۆرینەی سیرالیۆنییەکانی کە لە پەناگەکە کۆکراونەتەوە، پاسپۆرتیان نییە تاوەکو بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، پاسپۆرت لای خاوەن ماڵە و پێی نەداونەتەوە.
 
یەکێکی دیکە لەوان، ناوی کادی کۆرۆمایە، دەڵێ "کاتێک بەرەو جونیە هەڵاتین و لەوێ ماینەوە، بەردەوام لە نزیکمانەوە بۆمب دەتەقییەوە، بۆیە بەو کەسەی کارم بۆ دەکرد، گوتم دەمەوێت بڕۆم."
 
کادی پاسپۆرتەکەی لای ئەو کەسەیە کە کاری بۆ دەکرد، ئێستا تەنیا وێنەی پاسپۆرتەکەی هەیە کە لەنێو مۆبایلەکەیدا خەزن کراوە.
 
ئاداماسای چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگەڕێتەوە، کە چۆن کاتێک جەنگ هەڵگیرساوە؛ ئەو خاتوونەی لای کاری دەکرد، چووەتە لەندەن و ئەویش کەوتووەتە سەر شەقام.
 
ئاداماسای کۆرۆما بە رووداوی گوت "ئەوەی روویدا ئەوە بوو؛ بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بۆمب دەتەقینەوە، ئەو کەسەی کارم بۆی دەکرد چووە لەندەن و منی لێرە بەجێهێشت... سەرەتا منی لەلای کچەکەی بەجێهێشت، دواتر کچەکەی منی فڕێدایە سەر شەقامەکان."
 
چالاکڤانەکان لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەن تاوەکو بەڵگەی گەشتکردنیان بۆ دروستبکەن و بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
 
لیا غورەیب، یەکێک لەو چالاکڤانانەیە کە یارمەتیی ژنە سیرالیۆنییەکان دەدات، ئەو دەڵێ "ئێستا ئێمە 192 ژنی سیرالیۆنی و شەش منداڵمان هەن، ئێمە ئەوانمان لەسەر شەقامەکان دۆزییەوە و لەسەر شەقامەکان خەوتبوون، لەبەرئەوەی هیچ شوێنێک نەمابوو بۆی بچن. ئامانجەکە ئەوەیە یارمەتیی ئەوانە بدەین کە دەیانەوێت بڕۆنەوە وڵاتەکەیان، بتوانن بگەڕێنەوە. ئەوانەشی کە ناتوانن بڕۆنەوە، هەرچەندە لێرە شەڕیش هەیە، یارمەتییان دەدەین کاری نوێ بدۆزنەوە و لە ناوچە سەلامەتەکان شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکەین".
 
سوارد سیسێ، دوو منداڵی لە سیرالیۆنە و سێ ساڵە نەیبینیون، رۆژگارێک لوبنان هیوا بوو بۆی، ئێستا تەنیا شادبوونەوە بە منداڵەکانی.
 
بە رووداو گوت "سێ ساڵە منداڵەکانم نەبینیوە، تەنیا بەشێواز ڤیدیۆیی پەیوەندییان پێوە دەکەم، هەرلەبەر ئەوەش دەمەوێت چانسی ئەوەم هەبێت بگەڕێمەوە."
 
لە لوبنان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون. بەڵام ئەمان ئاوارە و بێکەسیشن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.