ئەفریقای باشوور شاندە دیپلۆماسییەکەی لە ئیسرائیل بانگهێشت دەکاتەوە

06-11-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەفریقای باشوور سەرجەم دیپلوماتکارەکانی لە ئیسرائیل بۆ "راوێژکردن" بانگهێشتکردەوە؛ هۆکارەکەشی "بارودۆخی ئەمڕۆی غەززەیە".
 
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، خەمبۆدزۆ نیچاڤینی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری سەرۆکایەتیی ئەفریقای باشوور رایگەیاند: "حکومەتی ئەفریقیای باشوور بڕیاریدا سەرجەم دیپلوماتکارەکانی لە تەلئەڤیڤ بانگهێشت بکاتەوە بۆ راوێژکردن؛ ئەفریقیای باشوور بێهیوا بووە لە رەفتارەکانی ئیسرائیل بە تایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی تۆپبارانی قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە".
 
رۆژی 2-11-2023 لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بۆلیڤیا لە ئەمریکای باشوور پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند.
 
بەر لەوەش سەرۆکی کۆلۆمبیا، دراوسێی بۆلیڤیا باڵیۆزەکەی لە ئیسرائیل بانگهێشتکردەوە بۆ "راوێژکاری" و گوتی، "ئەگەر ئیسرائیل دەستبەجێ کۆتایی بەو کۆمەڵکوژییە نەهێنێت لە غەززە، چیدیکە لەو وڵاتە کارێكمان نامێنێت و پێویستیش ناکات تێدا بمێنینەوە".
 
پێشتریش چیلی کە ئەویش دراوسێی ئەو دوو وڵاتەیە بانگهێشتی باڵیۆزەکەی کرد و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە "پێشێلکردنی روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی" ناویبرد.
 
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری سەرۆکایەتی ئەفریقای باشوور گوتی: "بانگهێشتکردنی شاندە دیپلوماسییەکەمان لەسەر بنەمای ئەو نیگەرانییەیە کە لە ئاست رووداوەکانی غەززەدا هەمانە؛ چاوەڕێی شاند دەکەین تاوەکو وردەکاری رووداوەکانمان پێ بڵێن، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ بڕیاری داهاتوومان بە هێشتنەوە یان پچڕاندنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل."
 
لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل لە ئاسمان، دەریا و زەوینەوە بۆردوومان و تۆپبارانی کەرتی غەززە دەکات، بە گوێرەی ئاماری فەرمی تەندرووستی غەززە تاوەکو ئێستا 10 هەزار و 22 کەس کوژراون لە نێویاندا 4 هەزار و 100 منداڵ، 2 هەزار و 640 ژنن، سەرووی 20 هەزار کەس بریندارن و لانیکەم 2 هەزار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
 
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە