سوپای ئیسرائیل لە جەنین و کامپەکانی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دەکشێتەوە

06-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل سەرجەم هێزەکانی لە شاری جەنین و کامپی ئاوارەکانی فەلەستین لە کەرتی رۆژئاوا کشایەوە، ئەمەش لەدوای 10 رۆژ لە ئۆپەراسیۆن و کێوماڵکردنی ناوچەکە.
 
رۆژی هەینی 06ی ئەیلوولی 2024، هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری جەنین سەر بە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین و سەرجەم کامپی ئاوارەکانی ئەو شارە کشانەوە، لە دوای 10 رۆژ ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیلییەکان لەو ناوچەیە کە بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی فەلەستینی 21 فەلەستینی لەو شەڕ و پێکدادانەدا کوژران.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، سوپای ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە ژێرخانی شارەکە گەیاندووە و تۆمەتباریشی کردووە کە هەڵمەتی وێرانکاریی و دوژمنکاریی کەرتی غەززەی گواستووەتەوە بۆ کەرتی رۆژئاوا و دۆخی شارەکانی جەنین، تولکەرم و کامپی ئاوارەکانی هاوشێوەی غەززەی لێکردووە.
 
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل چەندین ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی رۆژئاوادا کردووە و هەروەکو خۆشیان رایانگەیاندووە، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە، لەنێوبردنی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ئسیرائیل. 
 
بێجگە لە ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە ناوچەکە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیشی کردووە. رۆژی پێنجشەممە 5ی ئەیلوول، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شارۆچکەی تۆباسی لە باکووری کەرتی رۆژئاوا بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران، کە یەکێکیان کوڕی سەرکردەیەکی ناسراوی فەلەستینی بوو بەناوی محەممەد زەبەیدی، کوڕی زەکەریا زەبەیدی کە یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی فەلەستین و بەشداری چەندین شەڕی لە دژی ئیسرائیل لەساڵانی 1990 و 2000ـەکان کردووە. ئیسرائیل رایگەیاند لەو هێرشانەیەدا کۆمەڵێک چەکداریان لە شارۆچکەی تۆباس کردووەتە ئامانج.
 
بڕیاری کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە جەنین و بەشێک لە ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوا لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نیگەرانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەن لە کەرتی رۆژئاوا دەکرێن، چونکە "ئیسرائیل تاکتیکی جەنگ لەنێو شارەکانی کەرتی رۆژئاوا بەکاردەهێنێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە