رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: 800 رووسی لە ریزەكانی داعشدا دەجەنگن
رووداو - هەولێر
بەرپرسێكی دژەتیرۆری ویلایەتە یەگرتووەكانی ئەمریكا ئاشكرای دەكات، كە ئەو هاووڵاتییانەی خاوەن پاسپۆرتی ئەوروپین و لە ریزەكانی رێكخراوی داعش دەجەنگن جێگەی مەترسین لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا.
لە كاتێكدا باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و جێگرەكەی جۆ بایدن بەتووندی هەڕەشەیان لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) كرد لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسێكی ئەمریكی ترسی واشنتن ئاشكرادەكات بەرامبەر چەكدارە ئەوروپییەكانی رێكخراوەكە، و ئاماژە بەوە دەكات كە پاش گەڕانەوەیان دەبنە مایەی مەترسی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا.
رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە رووسیا گەورەترین پشكی بەركەوتووە لە زۆرینەی خاوەن پاسپۆرتە ئەوروپییەكان لە ریزی چەكدارانی داعش، كە نزیكەی 800 هاووڵاتی رووسی هەن.
لە راپۆرتەكەدا ئیسپانیا كەمترین پشكی بەركەوتووە كە 51 چەكداری ئیسپانی لە سووریا و عێراق دەجەنگن. رۆژنامەكە ئەم ژمارانە رادەگەیێنێت وەك ئاشكراكردنی ترسی وڵاتە ئەوروپییەكان لە گەڕانەوەیان و روونیشیكردەوە كە ئەو چەكدارانە لە پاش گەڕانەوەشیان پەیوەندییان دەمێنیت بە رێكخراوەكە و بەپێی دەزگای ئاسایشی بەریتانی (MI-5) وا گومانكراوە كە هەندێكیان لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەوە كاری تەقینەوە و خۆكوژی ئەنجامدەدەن لە وڵاتەكانیان.
بڵاوكراوەكەی هائارێتسی ئیسرائیلی ئەوە دەگەیێنێت، كە ئیسرائیل مەترسییەكی زۆری هەیە لە دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ ناو ئیسرائیل و گومانی هەیە كە چەكدارە بیانییەكانی داعش دەتوانن بە ئاسانی دزە بكەنە ناو ئیسرائیل، چونكە خاوەن پاسپۆرتی ئەوروپین.
ئاستی ئەم مەترسیە بەرزبووەوە لای ئیسرائیل پاش شەڕەكەی ئەم دواییەی جۆلان و پێشتریش چەكدارانی داعش هێرشێكیان كردە سەر قافڵەیەكی سەربازی ئیسرائیلی لە سنووری سینا و چەندین كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە بێ ئەوەی هیچ راگەیاندنێك تیشك بخاتە سەری، بەڵام رێكخراوی داعش گرتە ڤیدیۆی هێرشەكەی بڵاوكردبووەوە لە یوتیوب و پەیجە كۆمەڵایەتییەكانی خۆی.