حەماس: ئیسرائیل باجی بۆردوومانکردنی غەززە دەدات


رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەکانی ئیسرائیل یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان لە کەرتی غەززەی فەلەستین بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران کە یەکێکیان منداڵێکی 5 ساڵان بوو، هەروەها 55ی دیکەش برینداربوون. ئیسرائیل دەڵێت، لە بۆردوومانەکەدا سەرکردەیەکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە ئامانجکردووە. 
 
یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی وردی دژەتیرۆری دژی هەڕەشەیەکی راستەوخۆ ئەنجامدا. شەڕی ئێمە لەگەڵ خەڵکی غەززە نییە. بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی هێزی دەستی ئێرانە کە دەیەوێت ئیسرائیل لەنێوببات و ئیسرائیلییە بێتاوانەکان بکوژێت. ئێستا کە ئێمە قسەدەکەین، سەرۆکی جیهادی ئیسلامی لە تارانە. هەرچی پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەمان دەیکەین."
 
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کوژرانی سەرکردەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، پێویستە ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامدانەوەیەکی تووند بێت. هاوکات بزووتنەوەی حەماسیش داوای لە گرووپە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە کرد بە یەک دەست وەڵامی سوپای ئیسرائیل بدەنەوە. 
 
حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس دەڵێت، "داگیرکاران ئەمڕۆ بە رۆژی رووناک دەستپێشخەرییان لە ئەنجامدانی تاواندا کرد و باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج، لە کاتێکدا کە خەڵک بۆ پشووی کۆتایی هەفتە لە ماڵەکانیاندا دانیشتبوون. ئەوان سەرکردەیەکی بەرخودانیان کردە ئامانج. ئەم تاوانە وێڕای هەموو ئەو گفتوگۆیانە هات کە لە رێگەی نێوەندگیرەکان لەگەڵ داگیرکاران ئەنجامماندا. پێویستە داگیرکاران باجی ئەم تاوانە بدەن."
 
سوپای ئیسرائیل دیمەنێکی بڵاوکردەوە گوایە شوێنێکی هاوێشتنی مووشەکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی بۆردوومانکردووە. 
دواتر بزووتنەوەکە رایگەیاند، 100 مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. بەڵام سیستمی بەرگریی ئیسرائیل کە بە گومبەزی ئاسنین دەناسرێت، زۆربەی مووشەکەکانی خستنەخوارەوە.