حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل پێگەکانی یەکدی تۆپباران دەکەن

06-08-2021
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنانی ئەمڕۆ هەینی 6-8-2021 هاوشێوەی دوێنێ پێنجشەممە هەندێک پێگەی سوپای ئیسرائیلی تۆپبارانکرد، سوپای ئیسرائیلیش باشووری لوبنانی تۆپبارانکرد.
 
ئەفیخای ئەدرعی، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی 6-8-2021 لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، حیزبوڵڵا "نیوەڕۆی ئەمڕۆ 19 مووشەکی لە ناوچەی باشووری شەبعاوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد، سێ لەو مووشەکانە لە نێو خاکی لوبنان کەوتنەخوارەوە و سنووریان نەبەزاند، هاوکات رێگە لە 10 مووشەکی دیکە گیرا و 6 مووشەکیشیان لە چۆڵەوانییەکانی جەبەل رووس کەوتنەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی و مادییان لێبکەوێتەوە. ئیسرائیل خوازیاری گرژی نییە لەسەر سنووری لوبنان، بەڵام ئامادەیە".
 
ئەو پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ دەستگیرکردنی کەسێک بە سەکۆیەکی مووشەکهاوێشتنەوە کە لە پشتی ئۆتۆمبێلێک بارکرا بوو. سەرچاوەکان دەڵێن ئەو کەسە ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانە و بەنیاز بووە مووشەکەکان لە شوێنێکی نیشتەجێبوونەوە لە باشووری لوبنان بە ئاراستەی ئیسرائیل بتەقێنێت.
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر بڵاوکردەوە؛ کە تێدا گەنجێک دەردەکەوێت لە نێو ئۆتۆمبێلێکدایە کە سەکۆیەکی مووشەکهاوێشتنی لە پشتی ئۆتۆمبێلەکەیە و خەڵکی تووڕەی ناوچەکە دەوریان داوە و لێیدەدەن.
 
ئەفیخای ئەدرعی لەبارەی ڤیدیۆکەوە لە تویتەر دەڵێت: "ئەوە حیزبوڵڵایە جارێکی دیکە لوبنان تووشی کێشە دەکات و مووشەکەکانی بەرەو ئیسرائیل دەتەقێنێت بێ ئەوەی گوێ بداتە ئاییندەی لوبنانییەکان، تەنانەت لوبنانییەکان وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت و مووشەکەکانی لە نێو ماڵەکانیان دادەنێت. ڤیدیۆکەی گوندی شوویا حاسبیاش بەڵگەیەکی روونە لەسەر هەڵسوکەوتی ئاشکرای حیزبوڵڵا؛ بۆیە خەڵکی گوندەکە رووبەڕووی بوونەوە و رێگەیان نەدا ئەوان لە یارییە ترسناکەکەی بەکاربهێنێت".
 
لە بەرامبەردا حیزبوڵڵای لوبنانی، ئەمڕۆ هەینی 6-8-2021 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دەیان مووشەکمان بە ئاراستەی مەزارع شەبعا تەقاند، ئەوەش لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کە بەرەبەیانی پێنجشەممە بۆ سەر باشووری لوبنان ئەنجامیدان".
 
لای خۆیەوە سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "یەکەیەکی سوپامان لە ناوچەی شوویا چوار کەسی دەستبەسەرکرد کە مووشەکیان هاوێشتووە، هەروەها دەستی بەسەر ئەو سەکۆیەدا گرت کە بەکارهێندرابوو".
 
هەروەها سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "دۆخەکە لەسەر سنوور لەگەڵ ئیسرائیلی دووژمن زۆر زۆر مەترسیدارە و ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ بڕیاری 1701.. بەکارهێنانی باشووری وڵات وەک سەکۆیەک بۆ ململانێ هەرێمییەکان کە ئامانجیان نادیارە هەنگاوێکە بەرەو نادیار و هەموو لوبنان دەخاتە مەترسی جەنگی ئەوانەوە لە خاکی لوبناندان.. لوبنان بەشێک نییە لە پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دەریای عومان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بۆردوومانێکی پێشووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.

حەماس: بە مووشەک هێرشمانکردە سەر تەلئەڤیڤ

بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر تەلئەڤیڤ. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشەکە زیانی نەبووە.