هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوێت بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردنی پێشوەختە تایبەت بە پەرلەمانی کوێت دەکرێت؛ ئەوەش لە دوای کەمتر لە 9 مانگ لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێشوو کە لە 2022دا هەڵبژێردرابوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی حوزەیرانی 2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوێت بەڕێوەدەچێت؛ داود مارافی، کە یەکێکە لە بەربژێران دەڵێت، "پێموایە ئەمڕۆ ئێمە گەیشتووینەتە قۆناخێک کە قەیرانی زۆری سیاسی تێدایە، بەڵام ئەمڕۆ گونجاوترین دەرفەتە بۆ باشترکردنی بارودۆخی وڵات ئەوەش بە دەنگدان بە شیاوترین بەربژێرەکان، بەو جۆرەش دەتوانین سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە دابینبکەین".
 
207 بەربژێر، لە نێویاندا 13 ژن لە 5 بازنەی هەڵبژاردن رکابەری لەسەر 50 کورسی پەرلەمان دەکەن؛ لە وڵاتێك کۆی دەنگدەرانی 792 هەزار کەسە.
 
زەید سانە، بەرپرسی دیجیتاڵ میدیای هەڵبژاردنەکانی کوێت دەڵێت، "ئێمە پشت بە خودا پێشبینی دەکەین پێکەوەکارکردن لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکار و یاساداناندا هەبێت بۆ خزمەتی کوێت و گەلی کوێت".
 
کوێت یەکێكە لە وڵاتە دەگمەنانەی ناوچەکە کە بە دیموکراسییەتێکی تاڕادەیەک جێگیر ناسراوە، کە تێیدا پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنێکی چالاکی هەیە و چاودێری کاروباری حکومەت دەکات و رەخنەشی لێ دەگرێت، ئەوەش ناوە ناوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.