حەماس بە ئاگربەست رازی دەبێت و 'ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لایەنە دانوستاندنکارەکانی قەتەر و میسری ئاگادار کردووەتەوە، کە بە پێشنیازی ئاگربەستی ئەو دوو وڵاتە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە رازین. بەڵام ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەیێنێت.
رۆژی دووشەممە، 06-05-2024، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەباس کەمال، وەزیری هەواڵگریی میسر کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە، حەماس بە پێشنیازی ئەوان بۆ ئاگربەست رازی بووە.
بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیل دایە و دەبێت بڕیار بدات بە ئاگربەست رازی دەبێت، یان ئاڵنگاریی بۆ ئاگربەست دروست دەکات".
بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل ئەو پێشنیازەی کە حەماس پێی رازی بووە، رەتدەکاتەوە و بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئەو پێشنیازەی حەماس پێی رازی بووە، پێشنیازێکی نەرمی میسرە و ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە.
راگەیاندنی رازیبوونی حەماس بە ئاگربەست لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل لە دوا قۆناخەکانی ئامادەکاری دایە، بۆ ئۆپەراسیۆنی رەفەح کە ئیسرائیل بە دوا وێستگەی چەکدارانی حەماس لەنێو کەرتی غەززەی دەزانێت.
هەروەها رۆژی دووشەممە لەدوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل ئاگادارینامەی بۆ دانیشتووانی رەفەح خستە خوارەوە، بەهەزاران فەلەستینی ناوچەکەیان چۆڵکرد و بەرەو رۆژئاوای رەفەح هەڵهاتن.
تائێستا وردەکاریی ئەو پێشنیازەی حەماس پێی رازی بووە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دوا پێشنیاز کە ئیسرائیلیش لەسەر رازی بووە، بریتی بووە لە راگرتنی جەنگ بۆ 40 رۆژ، لە بەرامبەر حەماس 40 بارمتە ئازاد بکات، بارمتەکانیش ئافرەت و منداڵ بن یان ئەوانەی تەندروستیان ناجێگیرە.
هەروەها ئیسرائیل لە بەرامبەردا رازی دەبێت بە سەتان گیراوی فەلەستینی ئازاد بکات لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکانی غەززە بۆ ناوچەکانی خۆیان، پاشان گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە.