رێکارەکان دژی پەنابەرانی سووریایی لە لوبنان تووندتر دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی لوبنان رێکارەکانی لەدژی پەنابەرانی سووریایی تووندتر کردوون و هۆکاری سەرەکی ئەو هەڵوێستەشی قوڵبوونەوەی قەیرانی داراییە لە وڵاتەکە، هەرچەندە بەگوێرەی ئامارێکی فەرمیی ئاژانسی پەناخوازانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 88٪ـی پەناخوازانی سووریایی کە لە لوبنانن، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
 
لە کامپی پەناخوازانی سووریایی لە دۆڵی بیقاعی رۆ‌ژ‌هەڵاتی لوبنان، نزیکەی 70 هەزار پەنابەر دەژین، کە حکومەت رێکارەکانی بەرامبەریان تووندکردووە. 
 
تەیسیر عەبدوڵڵا، دانیشتووی شارۆچکەی بەعلوولە و بەمشێوەیە باسی پەنابەرانی سووری دەکات لە وڵاتەکەی "بابەتی بوونی کرێکار لێرە، بابەتێکی کۆنە و هی ئەمڕۆ نییە، ئەوان (حکومەت) پێویست ناکات پێمان بڵێن کرێکارانی سووریایی هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکەن. ئەوان کاردەکەن و سوودیان بۆ وڵاتەکەمان هەیە. هەندێکیان لێرە ماونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکیشیان بۆ وڵاتی خۆیان گەڕاونەتەوە".
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی سووریا لەساڵی 2011، لانیکەم ملیۆنێک و 500 هەزار سووریایی روویان لە لوبنان کرد، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 822 هەزار کەس کەمبووەتەوە. لەسەدا 55٪ـی پەناخوازە سووریاییەکانیش منداڵن.
 
لە دوای قووڵتربوونەوەی قەیرانی دارایی لوبنان لە ساڵی 2019، بەرپرسانی ئەو وڵاتە زیاتر جەخت لە پێویستیی گەڕانەوەی پەناخوازانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان دەکەنەوە.
 
محەممەد مەجزووب، سەرۆکی شارەوانیی دۆڵی بیقاع لە لوبنان باسی ئەوە دەکات "ئێمە 12 شارەوانیمان لەم سنوورە هەیە، لە 12 شارەوانییەکە هەموو خزمەتگوزارەکان سووریایین؛ هەموو کارمەندانی ئاوەڕۆ سووریایین؛ تەنیا یەک لوبنانیش ئەو کارانە ناکات؛ بۆیە پێویستمان پێیانە".
 
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمیی ئاژانسی پەناخوازانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەدا 88٪ـی پەناخوازانی سووریایی کە لە لوبنانن، لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.