رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە کە تێیدا دەردەکەوێت، سەرکردەکانی حەماس داوای 500 ملیۆن دۆلار لە ئێران دەکەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە دوو ساڵدا لەنێوببەن، "ئێرانیش داواکەی قبووڵکردووە."
رۆژی یەکشەممە 04-06-2025 یسرائیل کاتس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڵگەیەکی بڵاوکردەوە کە گوایە نامەی یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی حەماس و محەممەد زەیف، فەرماندەی گشتیی پێشووی یەکینەکانی عیزەدین قەسامە بۆ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
کاتس نووسیویەتی "لە سەردانی ئەمڕۆم بۆ یەکەی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل، بەڵگەیەکی نهێنیم لە توونێلەکانی حەماس لە غەززە دەستکەوت. لە بەڵگەکە da، حەماس داوای 500 ملیۆن دۆلاری لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لەنێوببات."
کاتس ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە کاخەزێکی بەدەستەوەیە و وێنەی نووسراوەکەی داناوە، نووسیویەتی، "ئەمە بەڵگەی ئەوەیە پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئێران و سەرکردەکانی حەماس دا هەبووە، هەروەها بەڵگەی پشتیوانیی ئێرانە بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل لەلایەن حەماس و کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023."
بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل "سەعید ئیزادی، سەرۆکی لقی فەلەستینی سوپای پاسدارانی ئێران، وەڵامی داوەتەوە و سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران و ئازاری خەڵکەکەی، تاران حەماس پارەدار دەکات، چونکە شەڕکردن لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، کاری لە پێشینەی رژێمی ئێرانە. پوختەی بابەتەکە روونە: ئێران سەری مارەکەیە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها بڵاویکردووەتەوە، "هەرچەندە ئێران رەتیدەکاتەوە، بەڵام لەژێر درووشمی لەنێوبردنی ئیسرائیل چالاکانە تیرۆر لە هەموو بەرەکان پارەدار دەکات؛ لە غەززەوە بۆ لوبنان و سووریا. لە ناوچەی یەهوودا و سامیرە [کەرتی رۆژئاوای فەلەستین] بۆ حووسییەکانی یەمەن."
کاتس دەڵێت: "ئیسرائیل ئەوەی پێویست بێت بۆ رێگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی ئەتۆم، دەیکات؛ بەردەوامیش دەبێت لە بۆردوومانکردنی گرووپە بەوەکالەتە تیرۆریستییەکان، تاوەکو میحوەری خراپەکاری لە چەک دادەماڵدرێت."
لە نووسراوەکە دا کە بە زمانی عەرەبییە، "حەماس لە ماوەی دوو ساڵدا داوای 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە دەکات، بۆ ئەوەی ئامانجی گەورە بەدیبێن، کە تێیاندا ئێمە سیمای جیهان دەگۆڕین."
لە نامەکەدا هەروەها هاتووە، "ئێمە دڵنیاین لە دوای ئەم دوو ساڵە، یان لەماوەی دوو ساڵەکە، بە پشتیوانیی خودا، ئەو قەوارە دڕندەیە لە رەگەوە هەڵدەکێشین و کۆتایی بەم چەرخە تاریکەی مێژووی نەتەوەکەمان دەهێنین."
لە کۆتایی نامەکە دا، رێککەوتی 06-05-2021 و ناوی هەریەک لە محەممەد زەیف، یەحیا سنوار و مەروان عیسا نووسراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێنراوێک دا بڵاویکردەوە، "ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە نییە."
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند، "شێواز و نێوەڕۆکی ئەو بەڵگەیەی بڵاوکراوەتەوە نامۆیە و راست نییە. ئەو دەنگۆیەی کە دەڵێت پەیوەندیی بە ئێرانەوە کراوە، راست نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ