لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دوو کەس کوژران

06-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، دوو کەس کوژران. ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشی کردووەتە سەر چەند چەکدارێکی حیزبوڵڵا.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 06-04-2025) وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند, "لەو بۆردوومانەی ئیسرائیلی دووژمن کردییە سەر شارۆچکەی زیبقین لە باشوور، دوو کەس کوژران."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان هێرشیان کردووەتە سەر دوو چەکداری حیزبوڵڵا " کە هەوڵیاندەدا پێگە و ژێرخانە تیرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا بنیاتبنێنەوە."
 
مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، بەنێوەندگیریی فەرەنسا و ئەمریکا، ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل راگەیێندرا. ئەو ئاگربەستە بووە هۆی راگرتنی شەڕی زیاتر لە ساڵێکی نێوانیان، بەڵام ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی نەوەستا.
 
دوایین هێرشی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، مۆرگان ئۆرتەیگەس، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوێنێ (شەممە) سەردانی لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ باسی دۆخی وڵاتەکە، بەتایبەت باشووریان کرد.
 
رۆژی هەینیی رابردوو، ئیسرائیل لە هێرشێکدا فەرماندەیەکی سەربازیی حەماس و کچ و کوڕێکیشی لە شاری سەیدای باشووری لوبنان کوشت.  
 
رۆژی پێنجشەممەش، ئیسرائیل رایگەیاند، لە باشووری وڵاتەکە لە هێرشێکی ئاسمانی دا، ئەندامێکی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی 01-04-2025 ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومان کرد و فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای کوشت. لە 27-11-2024ـەوە، ئەمە دووەم هێرش بوو بۆ سەر پایتەختی ئەو وڵاتە.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئەوکات رایگەیاند، لە هێرشەکەی پایتەخت دا چوار کەس کوژران، یەکێکیان ژن بوو.
 
بەگوێرەی ئەو ئاگربەستەی لە نێوانیان بوو، دەبوو حیزبوڵڵا هێزەکانی بەرەو باکووری رووباری لیتانی بکشێنێتەوە، کە 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیل دوورە؛ هەروەها دەبوو هەموو ژێرخانە چەکدارییەکانی لە باشوور هەڵوەشاندبایەوە.
 
لەبەرامبەردا، ئیسرائیل دەبوو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، کەچی دوو جار مۆڵەتی پێدرا و هەر نەیکشاندەوە، دواتر رایگەیاند لە پێنج خاڵی "ستراتیژی" لە باشووری وڵاتەکە دەمێننەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە