رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دانوستاندنی راستەوخۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەتدەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ گوتی، باشترە هەردوولا دانوستاندنی راستەوخۆ بکەن.
مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئێران کرد دانوستاندن لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ واشنتن بکات و هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر دیپلۆماسییەت شکست بهێنێت، ئامادەیە پەنا بباتە بەر هێزی سەربازی.
رۆژی پێنجشەممە 3-4-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دانوستاندنی راستەوخۆ"ـی لەگەڵ ئێران بەلاوە باشترە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی، تێگەیشتن لە لایەنی بەرامبەر لە رێگەی دانوستاندنی راستەوخۆوە ئاسانترە لەوەی هەر دانوستاندنێک لە رێگەی نێوەندگیرەوە بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتی: "دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە بەردەوام هەڕەشەی پەنابردن بۆ هێز دەکات و گوێمان لە هەڵوێستی دژ بە یەک لە لایەن بەرپرسانییەوە دەبێت، بێ مانایە".
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک تاران پابەندن بە دیپلۆماسییەوە و "ئامادەین رێگەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بگرینەبەر".
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، وڵاتەکەی ئامادەی هەر رێگەیەکی دیکەیە و رایگەیاند: "ئێران بۆ هەر رووداوێک و هەموو رووداوێک هەیە. هەروەک چۆن لە دانوستاندن و دیپلۆماسییەتدا جیدییە، لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و پاراستنی سەروەرییەکەی رژدە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ