سەرۆککۆماری عێراق بۆ وەزیری بەرگریی تورکیا: دەبێت پێشێلکارییە سەربازییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رابگیرێن

06-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند پێویستە هێرش و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق و بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رابوەستێت و کێشە سنوورییەکان یەکلایی بکرێتەوە و دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان تاکە لایەنە چارەسەر نەکرێن، قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیش بە تێکدانی هاوئاهەنگیی هاوبەشی هەردوو وڵات دەزانێت.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتە کرد، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوبات بە سەردانێک گەیشتنە بەغدا و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بکەن.
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لە تەوەرەکانی گفتوگۆی لەتیف رەشید و شاندە باڵا سەربازییەکەی تورکیا کردووە و رایگەیاندووە: "سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن نەوەک بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانیان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەبواری سەربازی و ئاسایش، ئاو، بازرگانی و ئابووری کراوە."
 
هەردوولا باسی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هاوئاهەنگی هاوبەشیان لەبوارەکانی ئاسایش و زانیاریی هەواڵگری بۆ خزمەتی سەقامگیری و ئاسایی هەردوو وڵات کردووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆمار بەپێویستی زانیوە کێشە سنوورییەکان و دۆسیەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەرێگەی هاوئاهەنگی و راوێژ و هاوئاهەنگی چارەسەربکرێت، رەتیشیکردووەتەوە عێراق بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش.
 
لە راگەیێندراوەکە هاتووە: "سەرۆککۆمار بە پێویستی زانیوە رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت و پێشێلکارییە سەربازییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان رابگیرێت و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات لەرێگەی وتوێژەوە چارەسەر بکرێت."
 
سەبارەت بە دۆسیەی ئاویش لەتیف رەشید بە پێویستی زانیوە عێراق بەشی دادپەروەرانەی خۆی لە ئاو وەربگرێت کە بەشی پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بکات و لێژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش کارا بکرێنەوە.
 
هەردوولا لەبارەی قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیش قسەیان کردووە و بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار: "سەرۆککۆمار باسی ئەو رێکارانەی کردووە کە بووەتە هۆیراگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و شارەکانی تورکیا. ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ئەو رێکارانە دەبێتە هۆی تێکدانی هاوئاهەنگیی هاوبەش و رێگری لە هەوڵەکانی بەردەوامبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات."
 
لە دۆسیەی بازرگانی و ئابووریش باسی پڕۆژەکانی ئاودێری و وزەی کارەبا و کۆمپانیاکانی تورکیا و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە.
 
وەزیری بەرگریی تورکیا لەو دیدارەدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەرەی عێراق دەربڕیوە وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
هەروەها گوتوویەتی: "هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات هەیە بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی هاوبەش و دروستکردنی سێ بەنداو لەسەر رووباری زاب."
 
گرنگیپێدانی بەو دۆخەشی گەرەنتی گەڕانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیا نیشانداوە. هاوکات رۆڵی عێراقیشی بەرزنرخاندووە لە یارمەتیدانی تورکیا لە بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ (سێشەممە، 06-02-2024) رایگەیاند، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا، بە سەردانێک گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکەن.
 
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا لەکاتێکدایە، ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە بەردەوامن.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە