حەماس دەڵێت 34 بارمتە دەدەمەوە؛ ئیسرائیل دەڵێت مردوون یان زیندوون؟
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس پێشنیازێکی کردووە کە 34 بارمتەیان پێدەداتەوە، بەڵام داوایکرد حەماس روونی بکاتەوە ئەو بارمتانە زیندوون یان مردوو. حەماس هەروەها داوایکردووە، کاتیان پێبدرێت چونکە چارەنووسی بەشێک لە بارمتەکان نازانن؛ ئیسرائیلیش دەڵێت، حەماس چاک دەزانێت هەموو بارمتەکان لە کوێن.
ئەم پێشنیازە رۆژی 05-01-2025 پێشکێشکرا و ئەمڕۆ دووشەممە ئیسرائیل لێدوانی لەسەر دا، ئەمە لە کاتێکدایە هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن. بەرگریی شارستانیی کەرتەکەش دەڵێت، تەنیا رۆژی دووشەممە 13 کەس کوژراون.
لە کەرتی رۆژئاوا، تووندوتیژی و پێکدادانەکان لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە 07-10-2023 بەردەوامە. بەرپرسانی ئیسرائیل گوتیان، لە هێرشێکی چەکداریدا سێ ئیسرائیلی کوژراون.
رۆژی 05-01-2025 بەرپرسێکی باڵای حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان ئامادەیە کۆمەڵێک بارمتە ئازادبکات، بەڵام پێویستیان بە "یەک هەفتە ئارامی" هەیە بۆ ئەوەی بزانن لە ژیاندا ماون یان نا.
ئەمڕۆ 06ـی مانگ، دەیڤد مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەوان بە وردی دەزانن کێ ماوە و کێ نەماوە. ئەوان بە وردی دەزانن بارمتەکان لە کوێن. غەززە شوێنێکی زۆر بچووکە، حەماس چاک دەزانێت ئەوان لەکوێن."
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک یان لێدوانێکیان لەلایەن حەماسەوە لەبارەی بارمتەکانەوە پێنەگەیشتووە.
ئەو بەرپرسەی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی، بزووتنەوەکە لیستێکی ناوی بارمتەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە پێگەیشت، لیستەکە ناوی منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان و بارمتە نەخۆشەکانی تێدابووە.
بەرپرسەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "حەماس رازیبووە لەسەر ئازادکردنی 34 بەندکراو [بارمتە]، ئینجا لە ژیاندا مابن یان نا، بەڵام گرووپەکە پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ چاودێری ئەوان بکات بۆ ئەوەی بزانن کێ لە ژیاندا ماوە و کێ نەماوە."
هەر ئێستا ئاگربەست
نێوەندگیرە قەتەری، ئەمریکی و میسرییەکان چەندین مانگە هەوڵدەدەن حەماس و ئیسرائیل لەسەر یەک بۆچوون کۆکبکەن بۆ ئەوەی ئاگربەستی غەززە رابگەیێنرێت. ئیسرائیل و حەماسیش یەکدی لەسەر درەنگخستن و زیادکردنی مەرجی نوێ تۆمەتبار دەکەن.
لەم چەند رۆژەی رابردوو، نێوەندگیرەکان دووبارە دەستیان بە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان کردەوە. دانوستاندنەکانیش لە قەتەر بەڕێوەدەچن.
لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەورووبەری غەززە کە لە 07-10-2023 کردی، چەکدارە فەلەستینییەکان 251 کەسیان بە بارمتە برد. ئێستا ئیسرائیل دەڵێت، 96ـیان لە غەززە ماون و 34ـیان کوژراون.
کۆڕی خێزانی بارمتەکان و بێسەروشوێنبووان کە گرووپێکی ئیسرائیلییە، رۆژی دووشەممە داوایکرد "رێککەوتنێکی گشتگیر" بکرێت بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن.
گرووپەکە رایگەیاند: "ئێمە دەزانین زیاتر لە نیوەیان لە ژیاندا ماون و پێویستییان بە شیاندنەوەی دەستبەجێ هەیە، ئەوانەیشی کە کوژراون مەرجە بگەڕێنرێنەوە و بە شایستەیی بنێژرێن."
لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، تەنیا یەکجار ئاگربەست راگەیێنراوە کە لە تشرینی دووەمی 2023 بوو. لە رێککەوتنەکە، 105 بارمتە ئازادکران کە خۆیان لە ژن و منداڵ و بەساڵاچووان دەبینیەوە، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا 240 بەندکراوی فەلەستینی ناردەوە ماڵی خۆیان.
06-01-2025 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشبین بوو بەوەی ئاگربەست رادەگەیێنرێت؛ بەڵام لەوانەیە بکەوێتە دوای 20ـی ئەم مانگە، کە یەکەم رۆژی دۆناڵد ترەمپە وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
بلینکن لە کۆریای باشوورەوە گوتی: "ئەگەر [رێککەوتن] لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو نەکرێت، من دڵنیام دواتر هەر دەکرێت. هیوادارین زوو بکرێت و درەنگ نەکەوێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بڕیاریداوە زیاتر پشتی ئیسرائیل بگرێت و هۆشداریی داوەتە حەماس، ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن "باج دەدەن."
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی رایگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، "خەریکە دەگەنە خاڵێکی زۆر گرنگ و هەستیار. بڕیار بەدەستەکانی ئیسرائیل گەشبینن کە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێکی نوێ دەکرێت."
هێرشەکانی غەززە
رۆژی دووشەممە، هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بوون. بەرگریی شارستانیی کەرتەکە رایگەیاند، 13 کەس لە بۆردوومانەکان کوژراون.
لە کەرتی رۆژئاواش، چەند چەکدارێک لە نزیک گوندی فندق تەقەیان لە پاسێک و چەند ئۆتۆمبێلێک کرد و سێ کەسیان کوشت.
نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند: "دەستمان بەو بکوژە دڕندانە دەگات و هەر کەسێکیش یارمەتی دابن، هەمووان دەستگیر دەکەین و رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان دەکەینەوە."
هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بووە کوژرانی هەزار و 208 کەس، کە زۆربەیان سڤیل بوون. ئەمەش بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل.
لەوکاتەوە، وەڵامە کەمەرشکێنەکەی ئیسرائیل لانیکەم 45 هەزار و 854 کەسی لە غەززە کوشتووە، کە تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، زۆربەیان ژن و منداڵن.