بلینکن: لەگەڵ فیدان باسمان لە پەسندکردنی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ کرد بەبێ دواکەوتنی زیاتر
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە رۆژی هەینی سەردانی ئیستەنبووڵی کرد، دوای چەند دیدارێک، ئەمڕۆ شەممە 6-1-2024 لە ئیستەنبووڵ لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی وەحدەدینی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە جێفری فلەیک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی رێکخستنەکانی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT) ئامادە بوون.
هاکان فیدان بۆ بلینکن: پەرلەمان بڕیار لە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ دەدات
پێشتر ئەنتۆنی بلینکن ماوەی دوو کاژێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆببووەوە. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هاکان فیدان پێشوازیی لە ئەنتۆنی بلینکن کرد و دوای وێنەگرتنی پرۆتۆکۆلی، دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە: "وەزیرمان هاکان فیدان لە کۆشکی وەحدەدین لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا شەڕی غەززە، قەیرانی مرۆیی، پرۆسەی بەشداریکردنی سوێد لە ناتۆ و مژاورە ناوچەیی و جیهانییەکان تاوتوێ کران".
بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، فیدان بە بلینکنی راگەیاندووە کە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هەڵوێستیان لە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، لە پەرلەمانی تورکیایە.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنی بلینکن لە پۆستێکی ئێکسدا گوتی، باسیان لە گرنگیی پەسندکردنی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە کردووە "بەبێ دواکەوتنی زیاتر."
بلینکن لە گەشتەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەردەوام دەبێت
دوای کۆبوونەوەکانی لە تورکیا، ئەنتۆنی بلینکن بەرەو یۆنان بەڕێکەوت و دواتریش سەردانی هەریەکە لە وڵاتانی ئوردن، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، ئیسرائیل، کەرتی رۆژئاوای فەلەستین و میسر دەکات.
رۆژی 6ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، لە بەغداوە گەیشتە ئەنقەرە و لەبارەی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینی و ئیسرائیل، بۆ پرسی ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی، چاوی بە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کەوت.
ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بەکوێ گەیشتووە؟
لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئێوارەی سێشەممە، 26-12-2023، لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەندامبوونی ئەو وڵاتەیان لە ناتۆ پەسندکرد. هەریەک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە دەنگی 'بەڵێ'یان بە بریارەکە دا. لە بەرامبەردا ئیی پارتی و سەعادەت دەنگی نەخێریان بە ئەندامبوونی سوێد دا، بەڵام دەم پارتی دەنگی نەدا. چونکە جەیلان ئاکچا جوپۆڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیایە، بەر لە دەنگدانەکە بەهۆی مشتومڕەوە کۆبوونەوەکەی جێهێشت. بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای بەڵێننامەی حکومەتی سوێدیان لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا کرد و بڕیاریش درا درێژە بە دیالۆگ بدرێت.
فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێکهاتەی مانگی سووری کوردی کە سەرمایە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کۆدەکاتەوە، پێشهاتێکی ئەرێنییە و چالاکییەکانیان لە سوێد وەستێندراوە، بەڵام جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکانی سوێد لە یاسا و دەستووری خۆیدا، ماوەیەکی زۆری خایاند. هەروەها ئەنجامی چاوەڕوانکراو و بەرجەستە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نابینین."
دوای ئەوەی هەریەک لە پەرلەمانتارانی ئەندام لە لیژنەکە بۆچوونی خۆیان دەربڕی، ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ خرایە دەنگدان و پەسندکرا. بە گوێرەی رێکارەکانی پەرلەمان، لە هەنگاوی داهاتوودا بابەتی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بریاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
رۆژی 28-6-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەسەر داواکاریی بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند کۆبوونەوە. لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. لە کۆبوونەوەکەدا تورکیا بە مەرج، هەڵوێستی ئەرێنیی بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ نیشاندا. هەروەها دوای کەمتر لە ساڵێک لە داواکارییەکەی، نیسانی 2023 ئاڵای فینلاند لە بارەگای هاوپەیمانیی ناتۆ هەڵکرا و ئەو وڵاتە بووە 31ـەمین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.