کەمپی جەبالییە لە باکووری غەززە "بەتەواوی" وێران بووە

رووداو دیجیتاڵ

کەمپی جەبالییە لە باکووری کەرتی غەززە، کە پێش دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماس ژمارەی دانیشتووانی 50 هەزار کەس بوو، ئێستا تەواو وێران بووە.
 
دانیشتوویەکی کەمپی جەبالیا دەپرسێت "هەموو گەڕەکەکە وێران بووە؛ خەڵک بۆ کوێ بێنەوە، لە کوێ بژین؟ ئێمە گەڕاینەوە ماڵەکەمان و دوای ئەوەی دوو بۆ سێ رۆژ لەوێ ماینەوە، بۆردوومان و تۆپبارانی ئێرەیان کردەوە."
 
ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە. بەگوێرەی بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل، تەنیا لە رۆژی پێنجشەممەوە زیاتر لە 100 ئامانجیان پێکاوە؛ کە بەشێکی زۆریان لە باکووری کەرتەکە بوون.
 
لەو ماوەیەشدا بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، کوژرانی 200 کەسیان راگەیاندووە. هەروەها لە دەستپێکی جەنگەکەشەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 355 هەزار خانوو و شوقە خاپوورکراون، یان زیانیان بەرکەوتووە.
 
هەرچەند هێرش و بۆردوومانەکان بەردەوامن، بەڵام بەشێکی دانیشتووانی نایانەوێ ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
 
دانیشتوویەکی کەمپی جەبالیا دەڵێ "سەیری وێرانکارییەکان بکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمێنینەوە. نە بەرەو باشوور و نە هیچ شوێنێکی دیکە هەڵاتووین، لێرە ماینەوە و لێرە دەژین."
 
بەهۆی بۆردوومان و خاپوورکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیانەوە، 85٪ـی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە ئاوارە بوون.
 
زۆرینەشیان لەژێر خێمە و لەنێو خانووە زیانبەرکەوتووەکاندا دەمێننەوە.