وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پلانێکی چوار قۆناخی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دادەڕێژێت

رووداو دیجیتاڵ

سەربازانی ئیسرائیلی لە چاوەڕوانیی قۆناخی ئاییندەی جەنگی غەززەن. ئەو جەنگەی نزیکەی تەواوی کەرتی غەززەی وێرانکردووە و زیانێکی زۆری مرۆییشی لێ کەوتووەتەوە. گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زیانە سەربازییەکانیش وایانکردووە؛ ئیسرائیل بیر لە پلانێکی نوێ بکاتەوە. 
 
یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ "حەماس، غەززە بەڕێوەنابات. ئیسرائیلیش غەززەییەکان بەڕێوەنابات. دانیشتووانی غەززە فەلەستینین، بۆیە دەستەیەکی فەلەستینی سەرپەرشتی دەکات، بەڵام بەمەرجی ئەوەی ئەو دەستەیە هیچ هەڕەشەیەک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دروست نەکات."
 
بەگوێرەی پلانەکەی گالانت، کە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە، بەڵام تائێستا حکومەتی ئیسرائیلی بۆچوونی لەسەر نەداوە؛ لە یەکەم قۆناخدا ئەوەیە جەنگ بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی حەماس لەنێودەچێت، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و رێگە بە نیشتەجێبوونی جوو نادرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل سەرپەرشتی گشتی ئەمنیەتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام هێزێکی فرەنەتەوەیی پێکدەهێنرێت بۆ بونیاتنانەوەی کەرتەکە و دەسەڵاتێکی سڤیلی فەلەستینیش ئیدارەی دەدات.
 
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئیسرائیل بکات و باسکردنی ئەو پلانەش یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکان.
 
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ جەخت لە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان دەکاتەوە "هاوکار بن لە دیاریکردنی رێگەیەکی پێشەڤەچوون کە ببێتە بەدیهێنانی ئاسایشێکی درێژخایەن بۆ ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان، هەروەها ناوچەیەکی سەقامگیر، لەنێویشیاندا دیاریکردنی میکانزمێک بۆ بوونیاتنانی حکومڕانییەکی یەکگرتووی فەلەستینییەکان بۆ کەرتی رۆژئاوا و غەززە."
 
 
90 رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا تێپەڕیوە و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 22 هەزار فەلەستینی کوژراون، لەبەرامبەریشدا، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، 175 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.