رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنێکی کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد و عەباس عێراقچی لە دیمەشق لە 1-12-2024، وێنە: IRANIAN FOREIGN MINISTRY / AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەکانی، رۆژی هەینی سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی هەینی (6ـی کانوونی یەکەمی 2024) سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و عەبدوڵلەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئێران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سەردانی عێراق دەکات. عێراقچی گوتبووی "رۆژی هەینی سەردانی بەغدا دەکەم و لەوێ چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەبێت."
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لەو سەردانەدا عێراقچی "دوایین دۆخی سووریا و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها هاوئاهەنگیی نێوان تاران و بەغدا بۆ پشتیوانی لە حکومەتی سووریا" لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق تاوتوێ دەکات.
سەردانەکەی عێراقچی بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە، سەردانى دیمەشق و ئەنقەرەى کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، جارێکى دیکە پشتیوانیی تارانی بۆ حکومەتی سووریا دووپاتکردەوە.
لە رۆژی چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە بارودۆخی نێوخۆی سووریا ئاڵۆز بووە، ئەمە دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر شاری حەلەب، دوای کۆنترۆڵکردنی بەرەو شاری حەما و چەندین ناوچەی دیکە پێشرەوییان کرد.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەزیرانی دەرەوەی ئێران، تورکیا و رووسیا سەبارەت بە دۆسیەی سووریا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆببنەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەچمە دوەحە بۆ بەشداریکردن لە کۆربەندی دەوحە. لە پەراوێزی کۆربەندەکەدا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئاستانە بەڕێوەدەچێت."
بە گوتەی عێراقچی، قەتەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نابێت، "تەنیا بەو پێیەی وەزیرەکان لە دەوحەن، ئێمە کۆبوونەوەکە لەوێ دەکەین."
تاوەکو ئێستا، 16 گەڕی گفتوگۆکانی ئەستانە بەڕێوەچوون کە یەکەمیان لە ساڵی 2017ـە و دوایینیان تەممووزی ئەم ساڵ بوو. ئامانج لەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆیی سووریا، کە لە ساڵی 2011ـوە دەستیپێکرد و دواتر ژمارەیەک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش چوونەنێوییەوە. رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو چاودێر تێیاندا بەشدارە. لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە دژبەرەکانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ