ئەمنێستی: ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە "کۆمەڵکوژی" دژی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ) لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئەو راپۆرتانەی کە لە غەززە دەکرێن، دەریدەخەن حکومەتی ئیسرائیل و بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان کردووە.
لە راپۆرتەکەی ئەمنێستیدا هاتووە، "ئیسرائیل بەشێوەیەکی نامرۆڤانە و ناشایستە مامەڵەی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە کردووە و ویستوویەتی لەنێویان ببات".
رێکخراوەکە دەشڵێت: "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکو ئاگادارکردنەوەیەک سەیری بەڵگەنامەکانمان بکات، ئەوەی روودەدات کۆمەڵکوژییە. دەبێت ئێستا بوەستێندرێت".
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد، لەوکاتەوە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە و دەڵێت، تاوەکو کۆتایی بە حەماس نەهێنێت، هێرشەکەی ناوەستێنێت.
لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار 208 کەس لە باشووری ئیسرائیل کوژران کە زۆربەیان کەسانی سیڤیل بوون.
لەوکاتەوە، هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم 44 هەزار و 523 کەس لە غەززە بکوژرێن، کە زۆربەیان هاووڵاتییانی سیڤیلن.
ئەگنس کالامارد، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری لاهای هۆڵەندا گوتی "گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل ئامانجی سەربازی هەیە، بەڵام ئەو ئامانجانەی بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی".
هەرچی ئیسرائیلە چەندین جار رەتیکردووەتەوە کە کۆمەڵکوژی کردبێت و بزووتنەوەی حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاووڵاتییانی سیڤیل وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
ئەمنێستی لە راپۆرتەکەیدا کە 300 لاپەڕەیە ئاماژە بەوە دەکات، کە لەکۆی 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززە، 90٪ـیان ئاوارە بوون و دەشڵێت، ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە گەمارۆی تەواوەتی خستووەتە سەر کەرتەکە و نەیهێشتووە سووتەمەنی، ئاو و کارەبا بگاتە کەرتەکە.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بە 15 هێرشی ئاسمانی دەکات کە ئیسرائیل لەنێوان 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ـی نیسانی ئەم ساڵ کردوویەتییە سەر غەززە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 334 کەس و دەڵێت: "هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئیسرائیل هێرشەکانی کردبنە سەر ئامانجی سەربازی."
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، ئەمنێستی ئاماژە بە چەند بەڵگەیەک دەکات، کە تێیدا چەندین بەرپرس و سەربازی ئیسرائیلی داوای "وێرانکردن، سووتان و سڕینەوەی" غەززە دەکەن.