چەکدارانی تەحریر شام لە سێ لاوە شاری حەمایان گەمارۆ داوە

رووداو دیجیتاڵ

چەکدارانی دەستەی تەحریر شام، لە سێ لاوە گەمارۆی شاری حەمایان لە نێوەڕاستی سووریا داوە و شەڕوپێکدادانیش لە نێوان چەکداران و سوپای سووریا بەردەوامە.
 
رۆژی چوارشەممە، 04ی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، چەکدارانی تەحریر شام و گرووپەکانی سەر بەو رێکخراوە لە پێشڕەویدان بە ئاراستەی ناوەندی شاری حەما و تەنیا سێ بۆ چوار کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورن و ئێستا لە دەروازەی ئەو شارەن. 
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن سوپای سووریا تەنیا یەک دەروازەی دەرچوونیان لە حەما بەدەستەوە ماوە و لەوێش بە ئاراستەی باشوور.
 
شاری حەما کە کەوتووەتە نێوەڕاستی سووریا بە یەکێک لە شارە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەسەر رێگەی سەرەکی دیمەشقی پایتەختە. 
 
بە گوێرەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا، لە 24 کاژێری رابردوودا، چەکدارانی تەحریر شام پێشڕەوییەکانیان بە ئاراستەی ناوەندی شاری حەما خێراتر کردووە و 20 گوندیان لە دەوروبەری حەما کۆنترۆڵ کردووە. 
 
هەروەها گرووپە چەکدارەکان توانیوویانە کۆنترۆڵی بارەگەی یەکەی 25ی سوپای سووریا لە باکووری شاری حەما بکەن، ئەمەش لەدوای ئەوەی میدیای فەرمی سووریا رایگەیاند، هێزێکی گەورەی سەربازی لە دیمەشقەوە رەوانەی بەرەکانی پێشەوەی شاری حەما کراوە و هێرشی پێچەوانە بۆ دوورخستنەوەی چەکدارانی تەحریر شام لە شاری حەما دەستپێکردووە. 
 
هەروەها شاری حەما کەوتووەتە سەر رێگەی سەرەکی ئێم پێنج کە ستراتیژیترین رێگەیە شارەکانی ئیدلیب، حەلەب، حەما و حەمس بە دیمەشق دەبەستێتەوە.