رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، سزای پێنەدانی ڤیزە بەسەر ژمارەیەک ئیسرائیلیدا دەسەپێنێت کە دەستیان لە هێرش و تووندوتیژییەکانی دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکان سەرجەم ئەو ئیسرائیلیانە دەگرێتەوە کە سەقامگیری و ئاشتیی کەرتی رۆژئاوا دەخەنە مەترسییەوە.
ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەمریکا هەنگاوێکی دەگمەنی واشنتنە دژی ئیسرائیل، ئەوەش لەکاتێکدایە چەندین جار جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بلینکنی وەزیری دەرەوە داوایان لە ئیسرائیل کردووە لە هێرشەکانیاندا ئاگاداری خەڵکی سڤیل بن و بیانپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پاڵپشتییەکی زۆری حکومەت و سوپای ئیسرائیلیان کردووە.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا، بلینکن دەڵێت، "ئێمە چەندین جار جەختمان کردووەتەوە کە دەبێت حکومەتی ئیسرائیل کاری زیاتر بکات بۆ لێپێچینەوە لە هەموو ئەو جووە تووندڕۆیانەی کە دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا تاوانیان ئەنجام داوە. هەروەها سەرۆک بایدنیش چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە، ئەو هێرشانە مایەی قبووڵکردن نین."
لەو راگەیێندراوەی بلینکندا هیچ ئاماژە بە ناسنامەی ئەو کەسانە نەکراوە کە ڤیزەی ئەمریکایان پێنادرێت، بەڵام سزاکان ئەو جووانە ناگرێتەوە هاووڵاتیی ئەمریکین.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، تێکچوونی دۆخی کەرتی رۆژئاوا، زیان بە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان دەگەیەنێت و هەڕەشەش بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دروست دەکات، بۆیە "دەبێت ئەوانەی بەرپرسیارن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
لە دەستپێکی جەنگی غەززە لە 7-10-2023ـەوە زیاتر لە 250 کەس لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلی و جووە توندڕۆکانەوە لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون، ئەوە بە گوێرەی بەرپرسانی فەلەستین.
دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتیی مەحموود عەباس، کاروباری کەرتی رۆژئاوا بەڕێوەدەبات، نەک بزووتنەوەی حەماس.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەرەتای ئەم ساڵ و دروستکردنی هاوپەیمانێتییە راستڕۆکەی، نەتەنیاهوو رایگەیاند، پاڵپشتی لە هەوڵەکانی تایبەت بە دروستکردنی زیاتری کۆمەڵگەی نیشتەجێبوو لەنێو خاکی فەلەستین دەکەن، ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ئەو کارە نایاساییە.
زیاتر لە 450 هەزار جوو لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوا دەژین و لە ماوەی دوو مانگی رابردوویشدا زۆرجار گرژی لەنێوانیان و فەلەستینییەکانی ئەو ناوچەیەدا دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ