د. عەلی قەرەداخی بۆ شێخی ئەزهەر: پێشڕەویمان بکە بۆ نێو غەززە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە پەیامێکدا، کە بۆ شێخی ئەزهەری ناردووە، داوای لێدەکات پێشڕەوییان بکات بۆ دەروازەی رەفەح لەنێوان فەلەستین و میسر و دەڵێت، "ناگەڕێینەوە تاوەکو نەچینە نێو غەززە."
 
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان، لە نامەیەکدا کە بۆ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەری ناردووە، دەڵێت، "تکایە بۆ دەروازەی رەفەح پێشڕەویمان بکە، ناگەڕێینەوە تاوەکو نەچینە نێو غەززە، لەگەڵ خۆماندا کاروانی فریاگوزاری دەبەینە ژوورەوە."
 
دەشڵێت، "بێگومان هەڵوێستی فەزیلەتی د. ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەری شەریف هەڵوێستێکی شکۆمەندانەیە و سوپاسی دەکەین، بەڵام ئەو کە لەو پۆستە گەورەیەدایە تەنیا سەرکۆنە بۆی بەس نییە، لە وڵاتێکدا کە کۆنترۆڵی دەروازەی رەفەح دەکات و فەزیلەتیان چاکەی بەسەر سەرۆکەکەیەوە هەیە، دڵنیاشم ئەگەر زۆری لێبکات وەڵامی دەداتەوە."
 
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان، لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەوان لە یەکێتیی زانایانی موسڵمان لەو هەنگاوەیدا کە واجبی کاتە و شیاوی زانایانە، لەپشت ئەوەوە دەبن، لە پێشەوەیاندا خۆی.
 
دەشڵێت، "لەڕووی شەرعەوە نابێت لەو کوشتارگە بەکۆمەڵ و قڕکردن و وێرانکردنە بێدەنگ ببن، کە تێیدا غەززە دەسووتێت و هەزاران منداڵ و ئافرەت کوژراون و خەڵکی غەززە بە چەکی وێرانکار قڕ دەکرێن، لەو قڕکردنەدا سەرکۆنە بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو هەریەک بەپێی توانای خۆی کار و هەوڵ بدات."
 
رۆژی 3ی ئەم مانگە ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر لە پەراوێزی گوتارێکدا لە واژۆکردنی "بانگەوازی ویژدان،" کە راگەیێندراوی هاوبەشی ئایینەکان لەپێناو ئاو و هەوا و کردنەوەی شوێنی تایبەت بە ئایینەکان لە کۆنفرانسی cop28 بوو لە دوبەی، داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر غەززەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد.
 
لە 7ی ئۆکتۆبەردا حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و لانیکەم 1200 کەسی کوشت، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس راگەیاند.
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل کوژراون، گەیشتووەتە 15 هەزار 899 کەس؛ 42 هەزار کەسیش بریندارن.
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی حەماس چەندە کە لە کەرتی غەززە لە شەڕی دژی سوپای ئیسرائیلدا کوژراون، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی 5000 چەکداری حەماس لە شەڕەکەدا کوژراون.