گفتوگۆی ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی، ئاڵوگۆڕێکی دیپلۆماسیی واتادار

05-11-2023
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانى
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
جۆرا سولەیمان 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەم دواییە لە کۆشکی ئێلیزێ میوانداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی عێراقی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوە فەرمییەکە، گفتوگۆکەیان بە پلەی یەکەم لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوو؛ بابەتێک کە بووەتە هۆی نیگەرانییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی. ئیمانوێل ماکرۆن کە چالاکانە بەشداری لە نێوەندگیریکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان کردووە، گرنگییەکی زۆر بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەدات. زیادبوونی گرژییەکانی ئەم دواییەی غەززە سەرنجی سەرکردەکانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی، بێ جیاوازی، راکێشاوە و بانگەوازی ئاگربەست و چارەسەری ئاشتییانە لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی داوەتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی کوردستانی عێراق پێگەیەکی گرنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە و ئیدارەکەی هەمیشە هاوسەنگی لە هەڵوێستەکەیدا بەرامبەر ململانێ هەرێمییەکان پاراستووە. بۆیە دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ماکرۆن ئاماژەیە بۆ ئاڵوگۆڕێکی دیپلۆماسی واتادار، کە رۆشنایی دەخاتە سەر روانگەی هەردوو سەرکردەکەی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەبارەت بە دۆخی گرژی غەززە. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پرسێکی مشتومڕهێنی جیهان بووە. لە کاتێکدا ئیسرائیل دەڵێت بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر هێرشە موشەکییەکانی حەماس، کە گرووپێکی چەکداریی ئیسلامییە و غەززەی کۆنترۆڵکردووە، وێرانکاریی بەربڵاو و ژمارەی بەرزی قوربانییانی سڤیل، رەخنەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
 
بڕیاری ماکرۆن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بارزانی، ئاماژە بە رێبازێکی چالاک بۆ یارمەتیدان لە نێوەندگیریکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە ئاڵۆزە دەکات. سەرۆکە فەرەنسییەکە پێشتر پابەندبوونی وڵاتەکەی بە چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەت بۆ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەربڕیوە و، بەو جۆرەش رێزی لە مافی هەردوولا بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە گرتووە. پێدەچێت پەیوەندیی ماکرۆن لەگەڵ بارزانی لەسەر ئەم پرسە، بەشێک بێت لە ستراتیژیی فراوانتری فەرەنسا بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. جگە لەوەش، فەرەنسا هەر لە کۆنەوە هاوپەیمانێکی نزیکی عێراق بووە و ئەم کۆبوونەوەیە جەخت لەسەر بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە دەکاتەوە. هەروەها کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ هەردوو سەرکردەکە تا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی عێراق تاوتوێ بکەن.
 
بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، فەرەنسا پشتیوانێکی بەرچاوی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکە بووە و بەشداری لە گەشەسەندن و سەقامگیرییەکەیدا کردووە. بۆیە رەنگە گفتوگۆکان لە قەیرانی هەنووکەی غەززە زیاتر درێژببنەوە و هاوپەیمانیی ستراتیژیی درێژخایەن و هاوکارییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستانی عێراق بگرنەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی ماکرۆن لەگەڵ بارزانی کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆکانی داهاتووی سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی جیهان هەبێت. فەرەنسا بەهۆی ئەوەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی لە داڕشتنی وەڵامە نێودەوڵەتییەکان بۆ ململانێکان هەیە. لەوانەیە ئەو تێگەیشتنانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەدەستهاتوون، هەڵوێستەکانی فەرەنسا لە گفتوگۆکانی داهاتووی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زانیاریدار بکەن.
 
دیداری نێوان ماکرۆن و بارزانی، گرنگیی گوتوبێژی دیپلۆماسی لە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ قەیرانە جیهانییەکان دەردەخات، رۆڵی سەرکردەکانی جیهان لە داکۆکیکردن لە ئاشتیدا بەهێزتر دەکات و جەخت لەسەر پێویستیی تێگەیشتن لە روانگە جیاوازەکان لە دۆخە جیۆساسییە ئاڵۆزەکان دەکاتەوە. راگەیاندنی کۆشکی ئیلیزێ زانیاری وردی سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە نەخستەڕوو، بەڵام روونە کە گفتوگۆی نێوان ماکرۆن و بارزانی، رۆڵی دەبێت لە دروستبوونی گوتارێکی نێودەوڵەتیی فراوانتر سەبارەت بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین. لەگەڵ بەردەوامبوونی جیهان لە چاودێریکردنی دۆخی گرژیی غەززە، رۆڵی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی ململانێکان و پێشخستنی ئاشتیدا گرنگتر دەبێت. لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئەنجامی بەرجەستە لەم دیدارە باڵایە دەکات، بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی نێوان ماکرۆن و بارزانی رەهەندێکی نوێ بۆ گفتوگۆکان سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زیاد دەکات. ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان دەکاتەوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانە جیهانییەکان و پەرەپێدانی ئاشتی لە ناوچە پڕ ململانێییەکان.
 
سەرچاوە: گۆڤاری دیپلۆماتیک ئەفێیەرزی سویسرا

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.