ئیسرائیل: لە چوار لاوە گەمارۆی غەززەمان داوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەنێو کەرتی غەززەدا پێشڕەوییان کردووە. غەززە بە چڕترین شوێنی نیشتەجێبوون لە جیهاندا دادەنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانەکەی و بچووکیی رووبەرەکەی.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "رۆژی شەممە، شەڕێکی قورسمان لەنێو کەرتی غەززە کرد. کۆتاییمان بە گەمارۆدانی غەززە هێناوە و هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە باشوور و باکووری شاری غەززەوە جموجۆڵ دەکەن و چوونەتە نێو ناوچە نیشتەجێبووەکانەوە."
 
30ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل هێرشی زەوینیی بۆ سەر کەرتی غەززە لە پێنج بەرەوە دەستپێکرد. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو کاتەوە 29 سەربازیان کوژراون و زیاتر لە 260 سەربازی دیکەشیان بریندار بوون؛ زیاتر لە 100 تونێلی حەماسیشیان وێران کردوون.
 
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی عیزەددین قەسام رایگەیاند، "لە 48 کاژێری رابردوودا چەکدارەکانمان تێکشکاندنی 24 ئۆتۆمبێلی سەربازییان تۆمار کردووە؛ لە تانکەوە بگرە تاوەکو زرێپۆش و بیلدۆزەر."
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە 345 سەربازیان کوژراوە، لە بەرامبەردا دوو هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە؛ ئەوەش لە کاتێکدایە بزووتنەوەی حەماس هیچ ئامارێکی کوشتنی سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی خۆی رانەگەیاندووە.