ئەردۆغان لەبارەی نەتەنیاهوو: ئەو کەسە نییە قسەی لەگەڵ بکەین و سڕیومانەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەلایەنی بەرامبەری خۆیان نازانن و چی دیکە ئامادە نین قسەی لەگەڵدا بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە کازاخستانەوە لەنێو فڕۆکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لە بەشێکی گوتەکانیدا زۆر بە تووندی رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر چڕکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە و گوتی، "نەتەنیاهوو ئەو کەسە نییە، ئێمە قسەی لەگەڵدا بکەین و سڕیومانەتەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرد، گوایە بەرپرسیاری یەکەمی ئەو دۆخەیە لە فەلەستین دەگوزەرێت و پێی گوت، "ئەوەی تۆ دەیکەی، هیچ پەیوەندییەکی بە ئینجیل و تەوراتەوە نییە. ئەوەی تۆ دەیکەی لە ئینجیل، تەورات و زەبووریشدا قبووڵکراو نییە."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی زۆری خەڵکی ئیسرائیل پاڵپشتی لە سیاسەت و هەنگاوەکانی نەتەنیاهوو ناکەن و گوتی، "نەتەنیاهوو کەسێکە خەڵکی ئیسرائیلیش دژی کارەکانینی. ئەو دەقە ئایینییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ کۆمەڵکوژییەکەی کۆبکاتەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاواش گرت لەم کاتی جەنگەدا و گوتی، "وڵاتانی رۆژئاوا پێشتریش چاوپۆشییان لە کۆمەڵکوژییەکان کردووە. هەڵویستی ئەوان بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لە سەرووی شەرمەزارییەوەیە." ئەردۆغان گوتی، ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژئاوا رێگە بە چالاکییەکانی پەکەکە لەنێو وڵاتەکانیاندا دەدەن، بەڵام چالاکییەکانی بزووتنەوەی حەماس قەدەخە دەکەن و، "ئاڵای فەلەستین قەدەخە دەکەن کە سیمبوولی گەلێکە".
جەنگی ئەم جارەی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی کەرتی غەززە رۆژی 7-10-2023 دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل. لەبەرامبەردا حکومەتی ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر غەززە راگەیاند.
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە 9488 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون و 24 هەزار کەسی دیکە برینداربوون. 1430 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و 242 کەسیش بە بارمتە گیراون.