بزووتنەوەی حەماس: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 60 بارمتە کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
باڵی سەربازیی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس رایانگەیاند، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 60 بارمتە کوژراون.
رۆژی شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام، کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردەوە، ئاشکرای کرد، زیاتر لە 60 بارمتەی ژێردەستیان کوژراون. راشیگەیاند، 23 تەرمی بارمتەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی کەرتی غەززەدان.
ئەبو عوبەیدە ئاماژەی بەوەش کرد، "پێناچێت ئێمە بتوانین بگەینە تەرمەکانیان بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی غەززە." ئەوەش لە کاتێکدایە تائێستا ئیسرائیل ئەو زانیارییانەی گوتەبێژەکەی حەماسی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023 بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، رۆژانە درۆنی چاودێری بەسەر غەززەدا دەسووڕێنەوە بە ئامانجی ئەوەی سەرەداوێکیان دەربارەی چارەنووسی بارمتەکان دەستبکەوێت، کە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لەلای حەماسن.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل لانیکەم 240 ئیسرائیلی و هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
هەر رۆژی شەممە، کەتائیبی قەسام رایگەیاندبوو، لە سەرەتای هێرشەکانیانەوە، 200 بۆ 250 بارمتەیان لەلا بووە، کە ژمارەیەک لەوانە سەربازی ئیسرائیلی بوون. ماوەی چەند هەفتەیەکە قەتەر سەرپەرشتیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانە.
تائێستا، حەماس چوار بارمتەی ئازاد کردوون، کە سەرجەمیان ئافرەت بوون و دووانیان ئیسرائیلی و دووانەکەی دیکەش ئەمریکی بوون.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل پرۆسەکەی ئاڵۆزتر کردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.