رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیاییدا کە ئەوان لە بابەتی فەلەستین لەوە زیاتر دەکەن کە بە چاو دەبینرێت. گوتیشی، "راگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە ئەرکی سەر شانمانە."
رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023 لە رێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەیەک لە پارێزگای ریزە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئەرکی سەر شانمانە برایانی فەلەستینیمان لە دەست ستەمی ئیسرائیل رزگار بکەین و ئەو تاوانانە رابگرین کە لە غەززە بە بەرچاوی جیهانەوە دەکرێن. بەرپرسیاریەتیی مرۆیی ئێمەیە یەخەی ئەوانە بگرین کە لە چوار لای خاکی فەلەستینەوە منداڵان و ژنان دەکوژن و ماڵی بێتاوانان دەدزن."
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، "لەمە دڵنیا بن کە ئێمە لە بابەتی فەڵەستین و غەززە، زۆر لەوە زیاتر دەکەین کە بە چاو دەبینرێت. بەردەوامیش دەبین. هەرگیز برایانمان لە غەززە بێ خاوەن، بێ چارە و بە تەنیا جێنەهێشتووە و جێشیان ناهێڵین."
لەکاتێکدا ئێستا رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگیرێت بەوەی گوایە بێ هەڵوێستە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر فەلەستینییەکان، ئەردۆغان رایگەیاند، ئەگەرچی کەسانێک لە نێو وڵاتەکەمان ئاگاداری ئەمە نین، بەڵام لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا بە تەواوی پشتیوانی فەلەستینییەکان بوون.
رۆژی 30ـی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل هێرشی زەوینیی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو کاتەوە 29 سەربازیان کوژراون و زیاتر لە 260 سەربازی دیکەشیان بریندار بوون؛ زیاتر لە 100 تونێلی حەماسیشیان وێران کردوون. ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی عیزەددین قەسام رایگەیاند، "لە 48 کاژێری رابردوودا چەکدارەکانمان تێکشکاندنی 24 ئۆتۆمبێلی سەربازییان تۆمار کردووە؛ لە تانکەوە بگرە تاوەکو زرێپۆش و بیلدۆزەر."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، 345 سەربازیان کوژراوە، لە بەرامبەردا دوو هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ