رۆژانە لە غەززە دەیان تەرم بەخاک دەسپێردرێن؛ 'پێنج ئەندامی خێزانەکەم لەژێر داروپەردوودان'

05-11-2023
محەممەد سالم
رۆژانە لە غەززە دەیان تەرم بەخاک دەسپێردرێن
رۆژانە لە غەززە دەیان تەرم بەخاک دەسپێردرێن
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنی گواستنەوەی برینداران و بەخاکسپاردنی کوژراوانی فەلەستین، بووەتە دیاردە و رۆژانە لە کەرتی غەززە چەندبارە دەبێتەوە. هاووڵاتییانی ئەم کەرتە لەنێوان خەمی لەدەستدانی کەسوکارەکانیان و دڵەڕاوکێی چارەنووسی بریندارەکانییان و بێسەروشوێن بووەکاندا دەژین. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 2100 کەس بێسەروشوێنن، کە 1200یان منداڵن. عەبدوڵڵا لەنێوان خەم و ئازاری گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی خێزان و مانەوەی کچەکانیدا دەژیت، کە نزیکەی 40 کاژێرە لەژێر داروپەردوون و هەوڵی رزگارکردنیان دەدات.
 
عەبدوڵڵا ئەبوو شەمالە، بە حەسرەتەوە باسی گەڕان بەدوای خێزانەکەی دەکات لەژێر دارووپەردوودا و دەڵێت، "دوای گەڕانەوەم لە کارکردن، بینیم خانووەکەمان بەتەواوەتی خاپوور بووە، هاوژینەکەم و زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەم شەهید بوون. پێنج کەسیان ماون، بە کچەکانیشمەوە، ئەوانیش لەژێر داروپەردووەدان. شەو نەخەوتووم، هەوڵدەدەم و هاوار دەکەم بۆ ئەوەی کچەکانم دەربهێنم. دوای 11 ساڵ، خوای گەورە ئەم دوو کچەی پێداوم، ئەوانیش ئێستا لەژێر داروپەردوون و هیوادارم بتوانم رزگاریان بکەم." 
 
ئەحمەدیش هەمان ئازار و مەینەتی هەیە و خەمبارە بەهۆی لەدەستدانی خۆشەویستان و لە خەمی رزگارکردنی کەسوکارەکەیەتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا.
 
ئەحمەد حەموودە، دەڵێت، "خوشکم و کوڕە تەمەن سێ هەفتانەکەی و دوو کچیشی کە یەکێکیان حەوت ساڵە و ئەوی دیکەشیان پێنج ساڵە شەهید بوون. کچە سێ ساڵانەکەشی لەژێر داروپەردوودا ماوەتەوە و چارەنووسی نادیارە."
 
بەردەوامی و چڕی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، رێگرن لە بەردەوامبوونی کاری تیمەکانی فریاگوزاری بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی هاووڵاتییان و دەرهێنانیان لەژێر داروپەردووەکاندا. 
 
رائید محەممەد سیام، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند، "بەهۆی بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیل کە رۆژانە دەکرێت، ماڵوێرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ئەستەمە بتوانین خەڵکی زۆر لە شەو و رۆژێکدا رزگار بکەین. کاتێک سەرقاڵی رزگارکردنی چەند کەسانێک دەبین، لەلایەکی دیکەوە 10 خانوو و باڵەخانەی دیکە بۆردوومان دەکرێن، ئەمەش ئەرکی ئێمە قورستر دەکات. سەرباری ئەمەش کەرەستە و ئامێری پێویستیشمان نەماوە."
 
وەزارەتی نیشتەجێبوونی فەلەستین ئاشکرای دەکات، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، تائێستا 25٪ـی خانوو و باڵەخانەکانی کەرتی غەززە خاپوور کراون. 
 
خەڵک لێرە لە غەززە لە نێوان پرسە بۆ شەهیدەکانیان، چاودێری کردنی بریندارەکانیان و خەمی چارەنووسی بێسەروشوێن بووەکانیان، چاوەڕێی ساتێک دەکەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە