ئەمریکا داوا دەکات دەسەڵاتی فەلەستینی کاروباری غەززە بەڕێوەببات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی گوشار لەسەر حکومەتی ئیسرائیل دروست دەکات بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا بۆسەر کەرتی ‌غەززە هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزێت، رێگە بدات هاوکاری مرۆیی زیاتر بگاتە کەرتی غەززە و کاریش بکات بۆ ئەوەی تووندوتیژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا نەمێنن. مەحموود عەباسیش ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتی فەلەستینی ئامادەیە کاروباری غەززە بەڕێوەببات، بەڵام مەرجی هەیە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-11-2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێندراو گەیشتە شاری رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی کۆبووەوە. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە ئەندامێکی شاندەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ رامەڵڵا گوتی، ئەنتۆنی بلینکن بە مەحموود عەباسی راگەیاندووە، واشنتن پابەندە بەوەی گوشار لەسەر حکومەتی ئیسرائیل دروستبکات بۆ ئەوەی لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا بۆسەر کەرتی غەززە هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزێت، رێگە بدات هاوکاری زیاتر بگاتە کەرتی غەززە و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە هۆکارن لە تووندوتیژییەکانی کەرتی رۆژئاوا و نەهێشتنی تووندوتیژییەکانی ئەو ناوچەیە. 
 
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی راگەیاندووە، واشنتن بەو جۆرە لە دۆخەکە دەڕوانێت کە دەسەڵاتی فەلەستینی لە قۆناخی دوای دەسەڵاتی حەماسدا رۆڵێکی گرنگ لە کەرتی غەززە بگێڕێت. 
 
مەحموود عەباس لە وەڵامی ئەو پێشنیازەدا گوتوویەتی، دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ ئەو ئەرکە ئامادەیە، بەڵام مەرجی هەیە. ئاژانسی هەواڵی "وەفا"ی فەرمیی دەسەڵاتی فەلەستین بڵاویکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا مەحموود عەباس گوتوویەتی، دەسەڵاتی فەلەستینی ئامادەیە بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە لەئەستۆ بگرێت، بەڵام لە "چوارچێوەی چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر"دا بۆ کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل. 
 
وەک "وەفا" ئاماژەی پێکردووە، دەبێت دەوڵەتێکی فەلەستینی دابمەزرێت کە سنوورەکەی هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەوە پێش شەڕی ساڵی 1967 لەژێر دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا بوون و پێویستە پایتەختی ئەو دەوڵەتەش قودسی رۆژهەڵات بێت.
 
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئامانجی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان بۆسەر کەرتی غەززە ئەوەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس لەو ناوچەیەی فەلەستین بێنن بۆ ئەوەی رێگە نەدەن جارێکی دیکە ئەو گرووپە چەکدارە هێرشی هاوشێوەی هێرشەکەی 7-10-2023 ئەنجام بدات.