بەشار ئەسەد: هێرشەکەی ئێران وانەیەکی فێری ئیسرائیل کرد

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری سووریا رایدەگەیێنێت، هێرشە مووشەکییەکەی ئەمجارەی ئێران وانەیەکی فێری ئیسرائیل کرد. 
 
ئەمڕۆ (شەممە، 05-10-20247) عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد.  
 
سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای ئەوە دێت رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم، ئێران بە 180 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 
 
بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا ئەمڕۆ لەکاتی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ عێراقچی گوتی، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، "وەڵامێکی تووند بوو و وانەیەکی فێری قەوارەی زایۆنی کرد."  
 
سەردانەکەی عێراقچی بۆ سووریا لەکاتێکدایە، دوێنێ سەردانی بەیرووتی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان کۆبووەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئێران لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلە، "لەو بارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی لوبنانی قسەم کرد. لەگەڵ وڵاتانی دیکەش لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێندرێت، بەڵام دەبێ مافی خەڵکی لوبنانی تێدا پارێزراو بێت؛ هەروەها دەبێت ئاگربەستەکە لەلایەن بەرەی موقاوەمە پەسندبێت و هاوکات بێت لەگەڵ ئاگربەست لە غەززە."
 
هەر لەدوی کۆبوونەوەکەی بەیرووت، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل، وەڵامی تووندیان دەبێت.