رووداو دیجیتاڵ
مانگی سووری عێراق قەبارەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ کەرتی غەززە و لوبنان رادەگەیێنێت.
حکومەتی عێراق بەم دواییانە دوو هەژماری بانکی کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە و لوبنان و داوای لە هەمووان کردووە هاوکارییەکان بۆ ئەو دوو هەژمارە بنێرن تاوەکو بیگەیێنێتە خەڵکەکە.
عەلی مەجید، بەڕێوەبەری تەندروستی لە مانگی سووری عێراق، رۆژی شەممە 05-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر لە سەرەتای قەیرانی کەرتی غەززەوە مانگی سووری عێراقی خۆراک و کەرەستەی پزیشکی و تەندروستیی رەوانەی کەرتی غەززە کردووە. تاوەکو ئێستا نزیکەی 1000 تۆن خۆراک و پێداویستی دیکە و نزیکەی 750 هەزار تۆن کەرەستەی پزیشکیمان رەوانە کردووە".
عەلی مەجید گوتیشی، بە هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق 10 ملیۆن لیتر گازیان بە کەشتی رەوانەی میسر کردووە و لەوێوە بۆ فەلەستین نێردراوە.
سەبارەت بە لوبنان، بەڕێوەبەری تەندروستی لە مانگی سووری عێراق گوتی، هەر لەسەرەتای هێرشی سەر لوبنانەوە هاوکارییان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە، سەرەتا بە فڕۆکە زیاتر لە 13 تۆن خۆراک و کەرەستەی فریاگوزارییان گەیاندووە.
عەلی مەجید گوتیشی، دوای داخستنی ئاسمانی لوبنان، لە رێگەی وشکانییەوە هاوکاریییان ناردووە و تاوەکو ئێستا 27 بارهەڵگر خۆراک و کەرەستەی پزیشکی و فریاگوزاری دیکە بەو رێگەیە نێردراوە.
عەلی مەجید ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگیان لەگەڵ هەردوو عەتەبەی حوسێنییە و عەباسییە هەیە و عەتەبەی حوسێنییە 22 بارهەڵگر و عەتەبەی عەباسییە 40 بارهەڵگر خۆراک و کەرەستەی پزیشکی و فریاگوزاری رەوانەی لوبنان کردووە.
سەبارەت بە چوونی لوبنانییەکان بۆ عێراق، بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی لە کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە نزیکەی 1500 لوبنانی لە رێگەی دەروازەی سنووری قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە چوونەتە نێو عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ