باڵیۆزی سعودیە لە ئێران دەستبەکاربوو
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی نوێی ئێران گەیشتە ریاز و باڵیۆزی نوێی سعودیەش گەیشتە تاران. ئەوەش دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هەردوو وڵات کە ماوەی حەوت ساڵ بوو وەستابوون.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، عەلی رەزا عینایەتی وەکو باڵیۆزی نویی ئێران گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە و عەبدوڵڵا بن سعود عنزیش گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
گەیشتنی باڵیۆزی نوێی ئێران بۆ سعودیە دوای دوو مانگ لە راگەیاندنی فەرمیی حکومەتی ئێران دێت کە بڕیاریدا بوو باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکەی لە سعودیە بکاتەوە. هەر ئەمڕۆ باڵیۆزی نوێی سعودیەش گەیشتە تاران.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، "دەستپێکردنەوەی کاری نوێنەرایەتییەکانی هەردوو وڵات و باڵیۆزەکانیان" هەنگاوێکی دیکەیە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران. مانگی رابردووش گوتبووی، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات خاڵی وەچەرخانە بۆ ناوچەکە.
مانگی ئاداری ئەمساڵ بە نێوەندگیریی چین، ئێران و سعودیە رێککەوتن بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان.
18ـی ئابی ئەمساڵیش، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا شازادەی جێنشینی سعودیە بانگهێشتنامەی شا سەلمانی بۆ سەردانیکردنی ئیبراهیم رەیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە وەزیری دەرەوەی ئێران گەیاند. سەرۆککۆماری ئێرانیش بانگهێشتنامەکەی قبووڵ کرد بۆ سەردانیکردنی سعودیە.
ساڵی 2016 دوای لە سێدارەدانی نەمر نەمری کەسایەتیی دیاری شیعەکانی سعودیە، خۆپیشاندان لە ئێران دەستیپێکرد. خۆپێشاندەران هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و دوای ئەو رووداوەش پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی سعودیە و ئێران وەستان.