باوکی بریندارێکی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک: گولـلە بەر سکی کەوتووە و 5 کاژێر لەژێر نەشتەرگەری بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە بریندارانی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک نەشتەرگەرییان بۆ کراوە کە بە گولـلە بریندار کراون. محەممەد عەدنانی 24 ساڵان یەکێکە لە بریندارانی خۆپێشاندانەکەی گەڕەکی رەحیماوا. لەدوای گەڕانەوەی لە خۆپێشاندانەکە، لە نزیک ماڵی خۆیان بە گولـلەی هێزە عێراقییەکان بە سەختی بریندار کرا. 
 
محەممەد عەدنان گولـلە بەر سکی کەوتووە و تووشی خوێنبەربوون بوو، ئەگەرچی دۆخی مەترسیداری تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا دۆخی جێگیر نییە و لەژێر چاودێریدایە. عەدنان ئەحمەد، باوکی محەممەد بە رووداوی گوت، "فیشەک بەر سکی کەوتووە لە سەرووی ناوکی، نەشتەرگەری بۆکراوە و پێنج کاژێر لەژێر نەشتەرگەریدابووە، بەو پێیەی برینەکەی گەورەیە، لە ناو سکییەتی و نەشتەرگەرییەکەی گەورەیە، باش دەبێت پەنا بەخودا."
 
دەیان زرێپۆشی هێزە عێراقییەکان هێشتا لە چواردەوری رەحیماوا دەبینرێن و لە شەقامەکان بڵاوکراونەتەوە. لە گەڕەکی شۆرجەش بەهۆی گردبوونەوەی شەوی رابردوو و، برینداربوونی دوو ئەفسەر و چوار پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکانن. خەڵکی کەرکووک وێڕای ئەوەی گومان لە "دەستی تێکدەر" دەکەن لەو دۆخەدا، هاوکات دەخوازن مافی قوربانییەکان نەفەوتێت و تەقەرەکان سزابدرێن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دڵنیایی دەدات ئەوانیش وەکو باڵاترین دەزگای ئەمنی خەریکی لێکۆڵینەوەن و بۆیان دەربکەوێت هەر پۆلیس و سەربازێک تەقەی لە خەڵک کردووە، سزای دەدەن.
 
فەریق جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گوتی، "لیژنەیەکی باڵا هەیە کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە پێکهێندراوە، پەنا بەخودا ماف دەگەڕێنێتەوە و سزای کەمتەرخەمەکان دەدات، هەموو دەگەڕێنێتەوە بۆخاوەن ماف، ئێمە لە راستیدا بەکارهێنانی چەکمان قەدەخە کردبوو دژی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز، لایەنی سێیەم هەوڵی نانەوەی ئاژاوەی داوە، تەقەی بەملا و ئەولاداوە، لە هەمانکاتدا پێویستە لەسەر خۆپێشاندەران زۆر پابەندبن و هێرش نەکەنە سەر دەزگا ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاشتیخوازیی خۆپێشاندانەکان کە دەستوور رێگەی پێداوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیژنەکەی سەرۆککوەزیرانی عێراق لەسەر رووداوەکانی کەرکووک لە پلانیدایە ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکان دا بکات.