رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دوو خۆپێشاندەری لوبنانی لەپشت ئاڵای وڵاتەکەیان لە بەیرووت، وێنە: Ibrahim AMRO / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای کوژرانی فوئاد شکور، فەرماندەی حیزبوڵـڵا و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئێستا چاوەکان لەسەر حیزبوڵڵای لوبنان و ئێرانن کە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێ: هێرش دەکەینە سەر بەیرووت، یەمەن یان هەر شوێنێکی دیکە کە پێویست بێت.
پەرەسەندنی گرژییەکان، کاریگەرییان لەسەر رەوتی ژیانی سڤیل و بازاڕ دەبێت. ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لوبنان زیاتر لە هەموو وڵاتێک نزیکە لەوەی بڵێسەی شەڕی پێبگات. هاووڵاتییەکی لوبنانی بە رووداوی گوت: بەیرووت لە رووی گەشتیاری و جموجۆڵەوە وەکو هەفتەیەک لەمەوبەر نییە.
هاووڵاتییەکی لوبنانی: خەڵک لە ترسدا دەژین
بەسام بەیرووتی، هاووڵاتییەکی لوبنانییە و لە بەیرووت رێبەری بۆ گەشتیاران دەکات، ئەو لەبارەی دۆخی شارەکەوە بە تەلەفۆن قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "هێشتا هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە، بەڵام خەڵک لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین."
بەسام دەڵێ "هەرچەندە جموجۆڵێکی ئاسایی لە بەیرووت هەیە، بەڵام دڵەڕاوکی بە خەڵکەکەوە دیارە و قەرەباڵخی وەکو جاران نەماوە."
"ئەگەر شەڕ رووبدات، پێموانییە لە لوبنان بمێنمەوە"
دیانا ئەبوو ئەسڵ، خوێندکارێکی تەمەن 20 ساڵانە و لە بەیرووت دەژی، ئەو بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، دەترسێت بەڵایەکی خراپ بەسەر خێزان و هاوڕێکانیدا بێت.
دیانا دەڵێ "ئەگەر شەڕ رووبدات، پێموانییە بەرگەی مانەوە لە لوبنان بگرم."
لە بەیرووت گەشتیار زۆر کەمبووە
مستەفا فەخرۆ، سەرۆکی کۆڕبەندی هزری کاری لوبنانییە، ئەویش لەبارەی دۆخی وڵاتەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: خەڵکى لوبنان بەگشتى لە دڵەڕاوکێدان، بەتایبەت ناوچەکانى باکوورى بەیرووت.
فەخرۆ دەڵێ: دەنگۆ هەیە ئێران یان ئیسرائیل یەکێکیان ھێرش بکەن، بۆیە ئەو دڵەڕاوکێیە دروستبووە. "گەشتى فڕۆکەخانەى بەیرووت ئاساییە، بەڵام گەشتیار زۆر کەمبووە لەکاتێکدا وەرزى گەشتیارە."
هەر لەوبارەوە بەسام بەیرووتی دەڵێ "گەشتیاری وەکو هەفتەیەک لەمەوبەر نەماوە، خەڵک زۆر بە کەمی دێنە بەیرووت و بە خێراییش بەجێیدەهێڵن."
خانووە بەکرێگیراوەکانی ناوەندی شار چۆڵ دەکرێن
بەهۆی تەشەنەکردنی گرژییەکان و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ، ئەو ماڵبات و کەسانەی خانوویان بە کرێ گرتووە، چۆڵی دەکەن و دەگوازنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەتتر.
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوە لە هەولێر، لەکاتی سەرهەڵدانی ئەم گرژییانەدا، بە گەشتێکی کەسیی لە بەیرووت بوو، لەبارەی دۆخی شارەکەوە دەڵێ "دۆخەکە بەو جۆرە نییە کە لە راگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت، بەڵام گرژییەکانیش کاریگەریی خۆیان هەیە."
هۆرڤان، رۆژی یەکشەممە، 04-08-2024، لە بەیرووتەوە بۆ هەولێر گەڕاوەتەوە. دەڵی "ئەوانەی لە دەرەوەی شار خانوویان هەیە، دەچنە دەرەوە."
رێنا، تەمەنی 51 ساڵە و لە ناوچەی عەین رومان دەژی لە قەراخی شاری بەیرووت، لەترسی سەرهەڵدانی شەڕ، ماڵەکەی گواستووەتەوە بۆ ناوچەی حەمدوون کە دوورترە لە ناوەندی شار. دەڵێت: ئەو بەیەکجاری بڕیاری جێهێشتنی ناوچەکەی داوە، لانیکەم لە مانگی ئاب دا لەوێ نابێت. "روودانی شەڕ لە ئان و ساتدایە و لەوانەیە رێگە و پردەکان وەکو تەممووزی 2006 بۆردوومان بکرێن."
نوور، تەمەنی 26 ساڵە، ئەو ئێستا بەدوای شوقەیەکی راخراودا دەگەڕێ لە دەرەوەی شاری بەیرووت. قسەی بۆ شەرقولئەوسەت کردووە و دەڵێ: "دەمەوێ لە شوێنێکی وەهادا بژین، خۆحەشاردان ئاسان بێت و هەرکاتێکی پێویستبوو، بتوانین جێیبهێڵین."
"خەڵک دەچنە ناوچە کریستیاننشینەکان"
زۆربەی لوبنانییەکان موسڵمان و کریستیانن، ئەو ناوچانەی کریستیانی تێدا دەژین، زیاتر هەست بە پارێزراوی دەکەن. هۆرڤان رەفعەت دەڵێ "لەکاتی دروستبوونی هەر گرژییەک، بە دیاریکراوی دوای هەڕەشەکانی حەسەن نەسروڵڵا و ئێران، خەڵک دەچنە گەڕەک و ناوچە کریستیاننشینەکان، سەرەڕای جیاوازیی ئایینی، خزمایەتییەکی زۆر لەنێوان کریستیان و موسڵمانەکانی ئەوێ هەیە."
جێهێشتنی لوبنان و راگرتنی گەشتەکان
ئوردن، کەنەدا، تورکیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکەی رۆژئاواییش داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە لوبنان جێبهێڵن. ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانیش گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان هەڵپەساردووە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، "بەهۆی دۆخی شڵەژاوی ئەمنی، تاوەکو گەشتی بازرگانیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەو فەرەنسا بەردەستن، داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەین، لە ئێستاوە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ ئەوەی دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن."
سوێدیش باڵیۆزخانەی لە بەیرووت داخست و داوای لە هاووڵاتیانی کرد لوبنان جێبهێڵن.
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات کە رۆژی 30-7-2024 ئیسرائیل فەرماندەیەکی دیاری حیزبوڵڵای بە ناوی فوئاد شوکر لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا.
ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.
نەتەنیاهوو: هێرش دەکەینە سەر بەیرووت
رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێران و هاوکارەکانی چاویان لەوەیە لە بەتیرۆر گەمارۆمان بدەن. ئێمە بڕیارمانداوە لە هەموو بەرەیەک و لە هەموو گۆڕەپانێکدا دژی ئەوان بوەستین، لە نزیک و دوورەوە." دەشڵێت، "هەر کەسێک بیەوێت زیانمان پێبگەیێنێت، باجێکی قورس دەدات."
نەتەنیاهوو لە هەڕەشە و هۆشدارییەکانی بەردەوام بوو و گوتی، "بە دەستە رۆیشتووەکانمان هێرشدەکەینە سەر کەرتی غەززە، یەمەن، بەیرووت یان هەر شوێنێک پێویست بێت." پێش چەند کاژێرێکیش لە گوتەکانی نەتەنیاهوو، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئامادەیی بەرگریمان لە ئاستێکی بەرزدایە، جا مەترسییەکە لە زەوی بێت یان ئاسمان."
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدان، ئێران و حیزبوڵڵا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لەو وڵاتە دەکەن لە بەرامبەر کوژرانی فوئاد شکور، فەرماندەی حیزبوڵـڵا و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس. لەوەی یەکەم ئیسرائیل بەرپرسیاری کوشتنی راگەیاندووە، بەڵام هیچی دەربارەی ئەوەی دیکە نەگوتووە.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پەرەسەندنەکانى دۆخى هەرێمى و نێودەوڵەتى و رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخى ئێستا تاوتوێ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ محەممەد شیاع سوودانى، جەختى کردووەتەوە لەوەی رێگرى لە ئاڵۆزبوونى دۆخى ناوچەکە بەندە بە راگرتنى هێرش بۆ سەر کەرتى غەززە و رێگرى لە فراوانبوونى بۆ لوبنان و هێرشکردنى ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی فەرەنساش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.
لەو پەیوەندییەدا هەردوولا "نیگەرانیی قوڵی خۆیان" و، "پێویستیی دوورکەوتنەوە لە زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە (رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) بە هەر نرخێک بێت" دەربڕی. هەروەها، "داوایان لە لایەنەکان کرد واز لە تۆڵەسەندنەوە بهێنن و دانبەخۆیاندا بگرن و دڵنیایی ئەمنی بدەنە خەڵکەکەیان."
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی7 لەبارەی پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزیری دەرەوە (ـی ئەمریکا) و وەزیرانی دەرەوە (ـی وڵاتانی جی7) گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک کە دڵنیایی لە ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە بکات."
سەرەتای زیادبوونی گرژییەکان
رۆژی 27ـی تەممووز، لە هێرشێکی مووشەکی دا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل دایە، 12 کەس کوژران و 34ـی دیکە بریندار بوون. ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەی کرد، ئەو گرووپەش رەتیکردەوە هێرشەکەی کردبێت.
لە رۆژی 30ـی تەممووزدا، دوای کوژرانی فوئاد شوکر، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکانی کردەوە.
دوو رۆژ دوای ئەوە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "ئەمڕۆ، نامەوێ گوتار بدەم و وشەکان ریز بکەم. تەنیا ئەو رستەیە دەڵێم؛ بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. دووپاتی دەکەمەوە، بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. هیچ قسەیەکی دیکە هەڵناگرێت و مشتومڕی ناوێت. لەنێوانماندا تەنیا شەو و رۆژ و گۆڕەپان هەیە."
دوای کوژرانی هەنییەش لە رۆژی 31ـی تەممووز، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە و لەنێو کۆبوونەوەکە، فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ