ئیسرائیل: چوار مانگە هاووڵاتییەکمان لەلایەن حیزبوڵڵای عێراقەوە رفێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئیسرائیل ماوەی چوار مانگە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق دەستبەسەرە؛ حکومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دادەنێن لە سەلامەتیی ئەو هاووڵاتییەیان.
رۆژی چوارشەممە 5ی تەممووزی 2023 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێت تسۆرکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلایەن چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرە.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ئێلیزابێت لەسەر ویستی خۆی سەردانی عێراقی کردووە، بە پاسپۆرتە رووسییەکەی و بە مەبەستی توێژینەوەیەکی زانستی لە عێراق.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "تسۆرکۆڤ هێشتا لە ژیاندا ماوە و عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە چارەنووس و سەلامەتی."
نووسینگەکەی نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، "تسۆرکۆڤ ئافرەتێکی ئەکادیمییە و لەسەر داوای خۆی بە مەبەستی توێژینەوەیەکی دکتۆرا بەناوی زانکۆی پرینستنی ئەمریکییەوە سەردانی عێراقی کردووە."
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کەیسی ئەو ئافرەتە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرێت و هەردوولا لە سەلامەتیی تسۆرکۆڤ نیگەرانن.
تسۆرکۆڤ، کە لە تویتەر چالاکە، دوا تویتی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بووە، کە لینکی توێژینەوەیەکی خۆی بووە دەربارەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، کە لە سووریان.