دوای حەوت مانگ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانیان وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی ئازەربایجان کۆبوونەوە

05-07-2023
نیشانەکردن ئازەربایجان ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای حەوت مانگ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانیان و دەرکردنی دیپلۆماتەکانی یەکدی لە وڵاتەکانیاندا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە باکو لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.
 
لە چوارچێوەی کوبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی بێلایەن، حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیلهام عەلییڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبوونەوە. بەپێی ئاژانسی فەرمیی ئێران "باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان تاران و باکو و لێکدانەوەیان بۆ رەوشی ناوچەکە کرد".
 
ئەم کۆبوونەوەیە لەدوای ئەوە دێت؛ لە 27 کانوونی دووەمی 2023 لە تاران هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و، بەو هۆیەوە پەیوەندییەکانی نێوان باکو و تاران ئاڵۆزییان تێکەوت و دیپلۆماتەکانیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد، هەروەها ئێران نیگەرانە لە پەیوەندی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیل.
 
رۆژی چوارشەمە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی بێلایەن بە ناونیشانی "بەهێز و خاوەن بڕیاڕ بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیرانە نوێیەکان"، دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران و کومەڵێکی دیکە لە وەزیران و جێگری وەزیرانی وڵاتانی سەرکردەی ئەم کۆمەڵەیە تێیدا بەشدارن.
 
ئاژانسی ئێرنا دەڵێت "گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ هاوتاکانی لە فەلەستین، سووریا، ئۆزبەگستان، ئۆگەندا، تورکیا، سۆماڵ، بەنگلادش، ئەسیوپیا، ئیندۆنیزیا، تونس، ئەفریقای باشوور، هیندستان و کۆماری ئازەربایجان لە چوارچێوەی کاری وەزیری دەرەوەی ئێران دایە".
 
کۆمەڵەی وڵاتانی بێلایەن لە ساڵی 1961 لە کاتی شەڕی سارددا لە بێلگرادی پایتەختی یوگوسلاڤیای پێشوو دامەزرا، ئەو وڵاتانە لەخۆدەگرێت کە سەر بە هیچ کام لە بلۆکەکانی (ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت) نەبوون و ئەوان هیچ پەیوەندی و پابەندبوونێکیان نییە، بە واتایەکی دیکە لە بەرەی کۆمۆنیزم و سەرمایەداریدا نین.
 
ئەو رێکخراوە لە دوای شەڕی ساردەوە تائێستا، درێژەی بە کارەکانی داوە و، 120 وڵات تێیدا ئەندامن و 21 وڵات بە شێوەی چاودێر تێیدا کار دەکەن.

 

سەرچاوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئێران 
 
کاژێر 08:30ـی بەیانیی رۆژی 27ـی کانوونی دووەمی 2023 لە گەڕەکی دروسی تاران کەسێکی ئێرانی بە کڵاشنیکۆڤ هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان. لە هێرشەکەدا بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
حوسێن رەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران ئەوکاتە گوتی، "دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە کاتێکدا هێرشبەرەکە دەیویست بە چەکەوە رابکات، رێگەیان نەدا و دەستبەسەریان کرد".
 
سەرپەرشتیاری دادگەی تاوانەکانی تاران دەڵێت، هێرشبەرەکە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا گوتوویەتی، هاوژینەکەی کە خەڵکی ئازەربایجانە، 9 مانگە چووەتە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. میدیاکانی ئێران دەڵێن، هێرشبەرەکە ئازەری زمان و خەڵکی شاری مەرەند و نیشتەجێی ورمێ بووە. لە بەردەم کامێرای میدیاکانی ئێرانیش گوتی، بۆ دۆزینەوەی هاوژینەکەی چووەتەسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە