لە پایتەختی لوبنان هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا

05-06-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دیمەنێکی کاتی هێرشەکە
دیمەنێکی کاتی هێرشەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای لوبنان دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە چەکدارێک هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەنزیک بەیرووتی پایتەختی وڵاتەکە، بەڵام سەربازان تەقەیان لە چەکدارەکە کردووە و برینداریان کردووە.

زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، چەکدارەکە هاووڵاتییەکی سووریاییە و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکە گولـلەیەک بەر سنگی کەوتووە.

میدیای لوبنان دەڵێت، شەڕە تەقە بۆ نیو کاژێر بەردەوام بووە. تەقەکەرەکە دوای برینداربوونی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاویکردەوە، "بە چەکی سووک" هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، دیپلۆمات و ستافەکەی سەلامەتن.

سوپای لوبنان رایگەیاند، سەربازیان لە دەوروبەری باڵیۆزخانە بڵاوکردووەتەوە.

لەو کاتەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکردووە، یەکەمجارە هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی 4,733 هێرشیان کردوەتەوە سەر یەکدی.

لە هەمان ماوەدا 329 چەکداری حیزبوڵڵا لە هێرشی ئیسرائیلدا کوژراون و حیزبوڵڵاش دەڵێت، لانیکەم 22 سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە.

لە ساڵی 1983ش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت تەقێندرایەوە، بەهۆیەوە 63 کەس کوژران کە بەرپرسانی ئەمریکی هێرشەکەیان خستە ئەستۆی حیزبوڵڵای لوبنانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە