شەڕی ئیسرائیل و حەماس؛ یەک لەسەر سێی منداڵانی غەززە تووشی ترۆوما بوونە

05-06-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عومەر یەکێکە لە سەدان منداڵی دیکەی غەززە لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل برینداربووە. لە رۆژێکدا هێرشێکی ئیسرائیل دایک و چوار خوشک و برای ئەو منداڵە بچکۆڵانەی کوشت کە بۆ جەژنی رەمەزان کۆببوونەوە.
 
ئێستا شەڕ کۆتایی هاتووە، بەڵام ئاسەواری شەڕ و گوشاری دەروونی کە پێی دەڵێن ترۆوما، هێشتا بەسەر منداڵانی غەززەوە ماوە.
 
محەمەد حەدیدی، باوکی عومەرە و باس لەوە دەکات، "ئەمە شەهیدی زیندووە. ئەمە لەژێر داروپەردوی خانوو دەرهێندرا. سوپاس بۆ خوا ئەمە تەنیا ئەندامی خێزانە بۆم ماوەتەوە."
 
لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا 254 کەس لە غەززە گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا 66 منداڵ هەبوون.
 
ئەو منداڵانەی لە هێرشی ئاسمانی رزگاریان بوو، شایەتی ترسی شەڕ بوون لە دەنگی کەوتنی مووشەکەکان، رووخانی باڵەخانەکان و رژانی خوێن بە بەرچاویانەوە.
 
رێکخراوی یونسێف دەڵێت، لە هەر سێ منداڵێک لە غەززە یەکێکیان پێویستی بە چارەسەری ترۆوما هەیە. 
 
زەینا یەکێکی دیکەبوو لەو منداڵانەی لەکاتی شەڕدا وەسیەتنامەیەکی بەجێهێشت، داوای کرد ئەگەر مرد لە پاڵ دایکی بینێژن کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا گیانی لەدەستدا.
 
زەینا دەبوس، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت، "هەستێکی سەیرم هەیە، زۆر ترساوم. هەر کاتێک بۆمباران دەبێت، زۆر دەترسم."
 
ئەنو ئەنەس شۆکونتەنە، دانیشتووی غەززەیە و پرسەی بۆ برازایەکی داناوە، دەڵێت "کۆڵنادەین." دەشپرسێت، "ئەم منداڵە بێ تاوانە مووشەکی گرتبووە ئیسرائیل [وا کوشتوویانە]؟"
 
گرووپە چەکدارییەکان لە کاتی شەڕدا 4300 مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد، 12 کەسیان کوشت لەنێویاندا منداڵێک هەبوو.
 
ئێستا رێکخراوە مرۆییەکان لە هەردوولاوە کار لەسەر دابینکردنی چارەسەری دەروونی دەکەن بۆ ئەو منداڵانەی لە ترسی شەڕ و گرمەی مووشەک و بۆردوومانەکان تووشی ترۆوما بوون.
 
هەر مێرمنداڵێکی غەززە لانی کەم چوار شەڕی بینیوە، بە واتایەکی دیکە، منداڵانی ناوچەکە لە ئانوساتدان بەرلەوەی ئاگربەستی شەڕ بشکێت و لەنێو گەڕێکی دیکەی شەڕ و پێکدادان گیربخۆن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە