شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە؛ هەردوولا کوژراو و برینداریان هەیە

رووداو - هەولێر 

بەهۆی بۆردوومانی و شەڕ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، دوو گەنجی فەلەستین و سێ ئیسرائیلی کوژران.

مانگی سووری فەلەستینی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5-5-2019) رایگەیاند "دوو فەلەستینی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر رۆژهەڵاتی غەززە کوژراون، بەمەش ژمارەی کوراوەکان لە هەینی رابردووەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 13 کەس".



ماڵپەڕی هەرێتزی ئیسرائیلیش دەڵێ بەهۆی کەوتنی مووشەکێک کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی باڵەخانەی کارگەیەک کراوە لە عەسقەلان، سێ ئیسرائیلی کوژراون، دوانییان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و ئەوەی دیکەش پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە. 

لە شەوی رابردووەوە شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەیان شوێنی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، جگە لە کوژرانی ئەو 13 فەلەستینییە، ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، میدیا عەرەبییەکانیش باس لە رووخانی حەوت باڵەخانەی نیشتەجێبوون دەکەن.



دووبارەی دروستبوونی گرژییەکان سەرچاوەکەی بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کە فەلەستینییەکان رۆژانی هەیینی رێپێوانی گەڕانەوە ئەنجامدەدەن، هەر لەو رێپێوانانەشدا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئیسرائیلییەکان دروست بووە و تاوەکو ئێستا سەدان فەلەستینی کوژراون و بریندار بوون.