رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە ڤیدیۆیەک دەڵێت، سوپای ئیسرائیل لە بارەی هێرشکردنە سەر کاروانێک ئەمبوڵانسی کەرتی غەززە، راست ناکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، مانگی رابردوو ئەو ئەمبوڵانسانە لە کاتی بەهاناوەچوونی بریندارانی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل، لە نیوەی رێگەدا لە ناوچەی 'تەل سوڵتان' لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە، لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەیان لێکرا و 15 کارمەندی فریاکەوتن کوژران.
ئەو ڤیدیۆیەی کە سەرەتا نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، لە موبایلی یەکێک لە کارمەندە کوژراوەکان دەرهێنراوە کە لەگەڵ 14 هاوکاری دیکەی بە کۆمەڵ لە شوێنێک نێژرابوون، تێیدا دەردەکەوێت، ئەمبوڵانسەکان بە شەو بەرەو شوێنێک دەچن، رووناکیی فریاکەوتنیان پێکردووە و هەموو نیشانەیەکی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان پێوەیە، بەڵام لە ناکاو، سەربازانی ئیسرائیل بە چڕی تەقەیان لێ دەکەن.
سوپای ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، بۆیە تەقەیان کردووە، چونکە ئەمبوڵانسەکان بێ ئەوەی رووناکیی فریاکەوتن پێبکەن، "بە شێوەیەکی گوماناوی" لە سەربازەکانیان نزیکبوونەتەوە، بەڵام ڤیدیۆکە پێچەوانەکەی نیشاندەدات.
پێش ئەوەی بکوژرێن، دوو کارمەندی فریاکەوتن کە جلی فەرمیی کارەکەیان لەبەردایە، لە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەرەوە و ئەمبوڵانسێک کە لۆگۆی مانگی سووریان پێوەیە، دادەبەزن بۆ ئەوەی سەیری ئەمبوڵانسێکی دیکە بکەن کە پێش ئەوان لەوێ تووشی رووداوێک بووە و لە رێڕەوی خۆی دەرچووە. لەو کاتەدا، سەربازانی ئیسرائیلی دەست بە تەقە دەکەن.
نیویۆرک تایمز دەڵێت، ڤیدیۆکە دەیسەلمێنێت کە قسەکانی سوپای ئیسرائیل لە بارەی رووداوەکەوە راست نین.
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنووتی ئیسرائیلیش دەڵێت، "ڤیدیۆکە گومان دەخاتە سەر قسەی سوپا لە بارەی رووداوە مەترسیدارەکە."
هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیل گوتی، ڤیدیۆکە دەریدەخات کە راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل راست نییە، چونکە ئەمبوڵانسەکان رووناکیی فریاکەوتنیان پێکردووە و ستافە پزیشکییەکەش جلی فسفۆریان لەبەربووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە: "رووداوی تەقەکردن لە کاروانی ئەمبوڵانسەکان لە تەل سوڵتان لە ژێر لێکۆڵینەوەی تێروتەسەلدایە. لێکۆڵینەوە لە هەموو بانگەشەکان دەکەین، لە نێویاندا ئەو بەڵگانەی کە تازە بڵاوکراونەتەوە."
رۆژی هەینی، مەروان جەیلانی، جێگری سەرۆکی مانگی سووری فەلەستینی لە کۆنفرانسێکی رۆژانەمەڤانیدا گوتی، ئەو ڤیدیۆیەیان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوە و وەک بەڵگەیەک بۆ داواکردنی لێپرسینەوە لە ئیسرائیل، بەکاریدێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ