ئیسرائیل، ئەو دەروازە سنوورییە دەکاتەوە کە چەکدارانی حەماس لێوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل

رووداو دیجیتاڵ 

کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بەکۆی دەنگ، بڕیاری کردنەوەی سنووری ئیرزی لە باکووری کەرتی غەززە پەسند کرد کە هەمان ئەو دەروازەیە بوو چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لێیەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل.
 
شەوی پێنجشەممە، لەدوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆبووەوە و بڕیاریاندا دەروازەی ئیرز لە باشووری ئیسرائیل و باکووری غەززە بکەنەوە، تاوەکو هاوکاری مرۆیی بگاتە دەست غەززەییەکان. 
 
ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن بۆ نەتەنیاهوو دێت، کە هۆشداری پێدابوو خەڵکی سڤیل بپارێزن، ئەگینا ئیدارەی ئەمریکا ناچار دەبێت سیاسەتی پاڵپشتیکردنی خۆی بۆ ئیسرائیل بگۆڕێت. 
 
دەروازەی ئیرز، کە خەڵکی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل زیاتر بە پێ هاتووچۆیان پێدا دەکرد، یەکێک بوو لەو خاڵە سنووریانەی چەکدارانی حەماس لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی پار، هێرشیانکردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوشت و لانیکەم 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتەگرت. 
 
تائێستا دیار نییە ئیسرائیل بڕیارەکە جێبەجێ دەکات و دەروازەکە دەکاتەوە، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی ئیسرائیل، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و لەوبارەیەوە، ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئەمە هەواڵێکی ئەرێنییە، بەڵام بێگومان دەمانەوێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێن و پێویستمان بە ئاگربەستی مرۆیی هەیە تاوەکو هاوکاری مرۆیی زۆر بگەیەنینە غەززە".
 
ئاژانسی هاریکاری بۆ ئاوارەکانی فەلەستین ناسراو بە "ئۆنروا"، لەلایەن ئیسرائیلەوە رێگەیان پێنادرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەننە کەرتی غەززە، بەتایبەتی باکووری غەززە کە بەگوێرەی رێکخراوی ئۆکسفامی بەریتانی رێژەیەکی زۆری دانیشتووەکەی رووبەڕووی برسێتییەکی بێوێنە بوونەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دانیشتووانی باکووری غەززە، رۆژانە تەنیا 245 کالۆری خۆراک دەخۆن. 
 
ئەو بڕیارەی رۆژی پێنجشەممەی ئیسرائیل لەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێت دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند بە هەڵە کاروانێکی کارمەندی رێکخراوە خێرخوازییەکانی لەنێو غەززە کردووەتە ئامانج و حەوت کارمەندیان کوژراون. ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی راگەیاند، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکە بە ئەنقەست نەبووە. 
 
لەدوای هێرشەکەش رێکخراوە خێرخوازییەکان، گەیاندنی هاوکاریان بۆ ‌غەززە راگرت. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواوی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار کەسن، بەهۆی نەبوونی خۆراک و برسێتییەوە، لەلێواری قەیران و مەرگدان. 
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەی چەکدارانی حەماس، ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە، هێرشەکانی بۆ سەر غەززە رانەگرتووە و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، زیاتر لە 33 هەزار فەلەستینی کوژراون.