نەتەنیاهوو بۆ ئێران: ئەوەی بیەوێت زیانمان پێبگەیێنێت زیانی پێدەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی، ئیسرائیل زیان بەو کەسانە دەگەیێنێت کە هەوڵدەدەن زیانی پێ بگەیێنن، ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای هێرشەکەی دیمەشق رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی کابینەی جەنگیی حکومەتەکەی لە رۆژی پێنجشەممە گوتی، "چەندین ساڵە ئێران لە رێگەی بریکارەکانیەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دژی ئێمە کار دەکات؛ ئیسرائیلیش دژی ئێران و بریکارەکانی دەست بە کارکردن دەکات."
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیاریداوە پشوو بە سەربازە شەڕکەرەکانی نەدات.
هەروەها "بەهۆی هەڕەشە روونەکانی ئێران،" سوپای ئیسرائیل داوای لە ژمارەیەکی زیاتری سەربازە یەدەگەکانی کردووە بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
نەتەنیاهوو گوتی، "ئێمە دەزانین کە چۆن بەرگری لە خۆمان بکەین و لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەین کە هەرکەسێک زیانمان پێبگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین."
گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە دووشەممەی رابردوو لە دیمەشقی پایتەختی سووریا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە سووریا و بەوهۆیەوە 16 کەس کوژران و ئێرانیش پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژ کرد.
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەسی لە فەرماندە و راوێژکارانی سەربازیی خۆی لە سووریا پشتڕاستکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.
رۆژی سێشەممە 2ـی نیسانی 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی: "هێرشە تیرۆریستییەکە"ـی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا "بێ وەڵام نابێت."
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.