تەندروستی جیهانی: دەبێت 8000 کەس لە غەززە ببردرێنە دەرەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، 8000 هەزار کەس لە غەززە پێویستییان بەوەیە ببردرێنە دەرەوەی کەرتەکەیان بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ریک پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە فەلەستین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤی سویسرا رایگەیاند، "پێشبینی ئەوە دەکەین کە دەبێت 8000 کەس لە غەززەییەکان ببردرێنە دەرەوەی کەرتەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر".
 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە، گواستنەوەی ئەو ژمارەیە لە خەڵک بۆ دەرەوەی غەززە، بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکانی غەززە کەم دەکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەو 8 هەزار کەسە 6000یان لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بریندار بوون و 2000ەکەی دیکەشیان نەخۆشن. 
 
پیپەرکۆرن رایگەیاند، میسر، بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەییان نیشانداوە کە نەخۆش و بریندارانی غەززە وەربگرن. 
 
لە کۆی 36 نەخۆشخانەی غەززە، تەنیا 23ـیان کار دەکەن. 
 
"لە غەززە منداڵان لە برسا دەمرن"
 
دوێنێ دووشەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، دۆخی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە خراپە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵانی غەززە بەهۆی نەمانی خواردن، سووتەمەنی و پێداویستی پزیشکییەوە لەنێو نەخۆشخانەکانی باکووری کەرتەکە گیانلەدەستدەدەن.
 
نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، تاکە نەخۆشخانەی منداڵانە لە باکووری غەززە. بەگوێرەی تەندروستی جیهانی، ئەو نەخۆشخانەیە پڕ بووە لە نەخۆش و بریندار و هەربۆیە چی دیکە توانای وەرگرتنی نەخۆش و برینداری نەماوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 10 منداڵ لە باکووری غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون و تەندروستیی غەززەش دەڵێت، لە تەواوی ناوچەکەی فەلەستین 16 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.
 
جگە لە دەستنەکەوتنی خواردن، نەبوونی کارەباش کێشەیەکی گەورەی نەخۆشخانەکانی غەززەیە. تێدرۆس ئەدهانۆم دەڵێت، "کەمی کارەبا هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر نەخۆشەکان دروستکردووە".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین 1.8یان ئاوارە بوون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 576 هەزار کەس کە دەکاتە یەک لەسەر چواری غەززەییەکان لە برسێتی کوشندەدا دەژین. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەر شەش منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵی کەرتی غەززە یەکێکیان رووبەڕووی بەدخۆراکی کوشندە بووەتەوە؛ هەموو 2.3 ملیۆنەکەی دانیشتووی ئەو ناوچەیەش پشت بەو هاوکارییە نێودەوڵەتییە دەبەستن کە ئێستا پچڕ پچڕ و کەم دەگەیێندرێتە غەززە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 23ـی مانگی رابردووەوە هیچ بڕە خواردنێک نەگەیێندراوەتە نێو غەززە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای گەیاندنی هاوکارییان کردووە.