ئیسرائیل: بەڵگەمان هەیە UNRWA پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستاندا هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، حکومەتی وڵاتەکەی بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی لەگەڵ چەکدارانی حەماسدا هەیە.
 
رۆژی دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2024، ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئێمە ئەو بەڵگانە دەخەینەڕوو، کە پەیوەندی ئۆنروا لەگەڵ تیرۆریستان دەردەخات و کاریگەری نەرێنی لەگەڵ سەقامگیری هەرێمی هەیە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، ئیسرائیل شکستیهێناوە لەوەی بەڵگە بخاتەڕوو، کە پەیوەندی ئۆنروا لەگەڵ حەماسدا بسەلمێنێت. 
 
بۆرێل ئاماژەی بەوە کرد، کارمەندانی رێکخراوی ئۆنروا لە غەززە رووبەڕووی دۆخێکی خراپی مرۆیی بوونەتەوە. داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کرد یارمەتییەکانی بۆ ئۆنروا بەردەوام بێت. 
 
هەفتەی رابردوو، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل  گومانی لە 10٪ـی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ حەماسدا هەبێت و یارمەتی گرووپەکە بدەن.
 
میدیای ئەمریکی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، 50٪ـی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە لانیکەم کەسێک لە خزمە نزیکەکانیان ئەندامی رێکخراوی حەماسـن.
 
بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تۆمەتانەی بە ناڕاست ناوبرد. ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سکرتێری گشتی لەو تۆمەتانەی ئاراستەی کارمەندانی ئۆنروا کراوە نیگەرانە، بەڵام پەیامی ئەو بۆ خێرخوازان، بەتایبەت ئەوانەی کە یارمەتییەکانیان راگرتووە، ئەوەیە کە لانیکەم گەرەنتی بەردەوامبوونی کارەکانی ئۆنروا بکرێت.
 
رۆژی 26ـی ئەم مانگە UNRWA رایگەیاند، کە بەهۆی گومانکردن لێیانەوە، چەندین کارمەندییان لە غەززە لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، هەریەکە لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا و فینلاند یارمەتییەکانیان بۆ UNRWA راگرتووە. 
 
ئۆنروا 13 هەزار کارمەندی لە غەززە هەیە و لە 2.4 ملیۆن خەڵکی غەززە 2 ملیۆن کەس پشت بە هاوکارییەکانی دەبەستن.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کردووە حەماس و ئیسرائیل ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی فەلەستینییەکان رووبەڕووی برسێتیی تەواوەتی بوونەتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 22-12-2023، پازدە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، پڕۆژەیاسایەکیان پەسندکرد و بڕیاریان دا هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە بنێرن.
 
لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماسدا، نزیکەی هەزار و 140 کەس لە ئیسرائیل کوژران کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیل بوون، ئەمە وەک سوپای ئیسرائیل باسی دەکات. 
چەکدارەکان هەروەها 250 کەسیان بە بارمتەگرت و ئیسرائیل دەڵێت، 132یان لە غەززە ماون، لەنێویدا تەرمی 28 لەو بارمتانە. 
 
بۆردوومانی چڕ و هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەش بووەتە هۆی کوژرانی 26 هەزار و 900 کەس، کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە. 
 
ئونروا لە ساڵی 1949 دوای جەنگی 1948ـی ئیسرائیل دامەزراوە و لە هەریەک لە ئوردن، لوبنان، سووریا، کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا لە فەلەستین کاردەکات.