رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند سەرکەوتن لە دژی حەماس لە کەرتی غەززە "لێدانێکی کوشندە" دەبێت بۆ ئەو گرووپە فەلەستینییە و سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانەی دیکەی ناوچەکە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
رۆژی دووشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی سەربازانی ئیسرائیلی لەنزیک بەرەکانی جەنگی غەززە کرد، لەوێ قسەی بۆ فەرماندەکانی سوپا کرد و گوتی: "سەرکەوتنێکی تەواو، لێدانێکی کوشندە دەبێت بۆ بەرەی خراپەکاران کە پێکهاتوون لە ئێران، حیزبوڵڵا، حووسییەکان و بێگومانیش حەماس".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هۆشداری دا لە پاشەکشەکردن لە شەڕ و گوتی: "بێ سەرکەوتن، ئاوارەکانمان ناگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، رەشەکوژی ئایندەمان ئەوەندە دوور نابێت و ئێران و حیزبوڵڵا و ئەوانی دیکەش تەنیا ئاهەنگ دەگێڕن".
نەتنیاهوو ئاماژەی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەن کرد، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەم، بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها کەشتییە بازرگانەکانی نێو دەریا سوور دەستیانپێکردووە.
لە باشووری لوبنانیش بۆ چەندین مانگە، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بە رۆکێت وەڵامی یەکدی دەدەنەوە. رۆژی یەکشەممە، حیزبوڵڵای لوبنانی کوشتنی دوو چەکداری لەناوچە سنوورییەکان راگەیاند.
ئەو لێدوانە نوێیەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ