ئێران: دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوەی ئەمریکا

05-02-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر خاکەکەیان، ئەوا بێ دوودڵی وەڵامی هێرشەکانیان دەدەنەوە، ئەمەش لەدوای قسەکانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کە رەتینەکردەوە وەڵامەکانیان ناوخۆی ئێرانی نەگرێتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، ناسڕ کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئەوەی پێشانداوە وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەبێت بۆ هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتی "دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی تواناکانمان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک لەسەر خاکەکامان"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران "بەهیچ شێوەیەک هەوڵی پەرەسەندنی گرژییەکان و قەیرانەکان لە ناوچەکە نادات". 
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، واشنتن لە زنجیرە وەڵامەکانی لە دژی گرووپەکانی نزیکی ئێران کە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت. کاتێکیش، پرسیاری لێکرا، ئایا ئەمریکا رەتیدەکاتەوە راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران، سوڵیڤان بە میدیای ئەمریکای راگەیاند: "ئەوە کارێکی ژیرانە نابێت بۆ من لێرە باس لەوە بکەم چی کردەیەک رەتدەکەینەوە و چی رەتناکەینەوە. ئەگەر ئێران بڕیاریدا وەڵامی راستەوخۆی ئەمریکای بداتەوە، ئەوا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بە‌هێزمان دەبینیت".  
 
ناکۆکی و ململانێیەکانی ناوچەکە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، گرژیی و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیووە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکان ئەمریکا لە عێراق و سووریا و جارێکیش لە ئوردن. ئەمە بێجگە لەوەی حووسییەکان، لانیکەم 30 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریا سوور. بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە 120 سەربازیشیان بریندار بوون. 
 
لەبەرامبەردا، ئەمریکا چەند جارێک ئەو گرووپانەی لەعێراق و سووریا کردووەیە ئامانج و هەشت جاریش بە تەنیا یاخوود بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا چەکدارانی حووسییەکانی لە یەمەن کردووەتە ئامانج. 
 
لەدوای هێرشەکەی رۆژی 28ی کانوونی دووەمی سەر بنکەی تاوەر22، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشە دەبینێت بەهۆی ئەوەی هاوکاری سەربازی و دارایی ئەو گرووپانە دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە