میدیای سوپای پاسداران: بەرپرسێکی فیرقەی فاتمیوون لە سووریا کوژرا

05-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەرپرسێکی "فیرقەی فاتمیوون" [کە گرووپێکی میلیشیایی سەر بە ئێرانە]، رۆژی شەممە لە سووریا کوژرا.
 
میدیای سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، "سەید حەمزە عەلەوی، یەکێک لە چەکدارە بەئەزموونەکانی فیرقەی فاتمیوون، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024 لە سووریا کوژراوە."
 
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە، ئەو بەرپرسەی "فیرقەی فاتمیوون" لە سنووری پارێزگای دێرەزووری سووریا کوژراوە و بڕیارە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، کە بەرپرسەکەی فیرقەی فاتمیوون خەڵکی پارێزگای پەروانی ئەفغانستانە و بەشداری لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق و شەڕی ئەفغانستان لە دژی یەکێتیی سۆڤیەتدا کردووە.
 
میدیای سەر بە سوپای پاسداران باسیان لە هۆکار و چۆنیەتی کوژرانی سەید حەمزە عەلەوی نەکردووە، بەڵام رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024، ئەمریکا لە هێرشێکی بەرفراواندا پێگەکانی گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراقدا کردە ئامانج.
 
لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سووریاوە، ئێران مەشق و چەك پێشكێش بە هەزاران چەكداری میلیشیای شیعەی ئەفغانی دەكات كە بە فیرقەی "فاتمیوون" ناسراون. ئێران بۆ پێكهێنانی ئەو فیرقەیە پشتی بەو پەنابەرە ئەفغانییانە بەستووە كە ساڵانێكە لە ئێرانن و هیچ دەرفەتێكی كاریان لەبەردەست نییە، فیرقەکە بۆ پاڵپشتیکردن و پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتی ئەسەد پێکهێنراوە.
 
چەکدارە ئەفغانییەکانی ئەو گرووپە میلیشیایە لە بەرامبەر چوونیان بۆ سووریا و شەڕکردن لە بەرژەوەندی حکومەتی سووریا، بێجگە لە پێدانی مووچە، مۆڵەتی مانەوە لە ئێران و تەنانەت پاسپۆرتی ئێرانیشیان پێدەدرێ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە